پەیامنێری کوردستان24: تەقینەوەیەک لە شاری حەسەکە روویدا
پەیامنێری کوردستان24 لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە شاری حەسەکە رووی دا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە بووە و لە نزیک بینای کۆشکی دادی شارەکە تەقیوەتەوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس.
راستەوخۆ دوای رووداوەکە، دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەکان لە شوێنی تەقینەوەکە دەستبەکار بوون و لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی تەقینەوەکە و لایەنەکانی پشت رووداوەکە دەستپێکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، هێزەکانی هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا کران و لەم بارەیەوە، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: ئەمڕۆ بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیەنین؛ دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە دەستپێکی گواستنەوەیەکی راستەقینە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانی بنیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی، و لە قۆناخی بەرگریکردن لە سووریاوە بۆ قۆناخی بنیاتنانی وڵات.
پارێزگای حەسەکە، دەکەوێتە دوورترین خاڵی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا؛ لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ باکووری کوردستان (تورکیا) و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق و پارێزگایەکی فرەنەتەوە و فرەئایینە؛ کوردی تێدا نیشتەجێیە، ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووان پێکدەهێنن)، لەگەڵ عەرەب، ئاشووری، سریانی، ئەرمەنی و ئێزدی.