نیپاڵ؛ هۆشداریی بەپەلە لەبارەی لافاوێکی دیکە دەدرێت

دەسەڵاتدارانی نیپاڵ هۆشدارییەکی بەپەلە دەدەنە تیمەکانی فریاگوزاری و دانیشتووان بۆ ئەوەی بچنە ناوچە بەرزەکان، ئەمەش دوای وەرگرتنی زانیاری لەبارەی شکانی بەنداوێک لە دیوی تبت کە مەترسیی لافاوێکی وێرانکەری دیکەی لێدەکرێت.

پۆلیسی نیپاڵ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە کە جارێکی دیکە بەنداوێکی ئاو لە دیوی تبت شکاوە، بۆیە داوا لە هەموو هێزە ئەمنییەکان، کارمەندانی فریاگوزاری و هاووڵاتیان دەکەن لەو ناوچانەی پڕۆسەی گەڕانی تێدا ئەنجام دەدرێت، بە ئاگا بن و دەستبەجێ بەرەو ناوچە سەلامەت و بەرزەکان بڕۆن.

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە هەزاران کارمەندی فریاگوزاری لە ناوچە شاخاوییەکان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا دەگەڕێن. تا ئێستا گیانلەدەستدانی 270 کەس لە نیپاڵ و سێ کەس لە تبت پشتڕاستکراوەتەوە، هەروەها زیاتر لە 1,300 کەسیش بێسەروشوێنن کە سەدان گەشتیاری بیانی و زیارەتکاری ئایینییان لەنێودایە.

کارەساتی یەکەم رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەهۆی داڕمانی شاخە سەهۆڵینەکانەوە روویدا. پاشماوەی قوڕ و بەردی ئەو لافاوە رێڕەوی رووبارەکانی لەسەر سنووری چین و نیپاڵ گرتووە، ئەمەش وایکردووە دەریاچەیەکی مەترسیدار دروست بێت و هەر کاتێک ئەگەری تەقینی هەبێت، کە ئەوەش دەبێتە هۆی لافاوێکی گەورەی دیکە.

بەگوێرەی ئامارەکان، لافاوەکەی پێشوو بووەتە هۆی رووخانی چەندین پرد و تێکدانی نزیکەی 40 کیلۆمەتر رێگەوبان، هەروەها چەندین باڵەخانە و ئۆتۆمبێل لەژێر قوڕ و لیتەدا نێژراون. سوپای نیپاڵ هەلیکۆپتەر بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهێنێت کە لە ناوچە دابڕاوەکاندا گیریان خواردووە.

ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی شاخەکان ئاشکرای کردووە، لە کاتی رووداوەکەی رۆژی چوارشەممەدا، ئاستی ئاوی رووباری تریشولی تەنیا لە ماوەی 30 خولەکدا، 9 مەتر بەرزبووەتەوە، ئەمەش وێرانکارییەکی گەورەی لە ناوچەکەدا دروست کردووە. ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری لەژێر هەڕەشەی لافاوی دووەمدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

 
Old Image
New Image
ئەم بەراوردکارییەی وێنە مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن کۆمپانیای "ڤانتۆر" لە 27ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، نیشانی دەدات: (لای چەپ) وێنەیەکی مانگی دەستکردە کە لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2023 گیراوە و گوندی شاخاویی "سیاپرو بێسی" لە ناوچەی رەسووا لە باکووری نیپاڵ بەر لە لافاوەکە نیشان دەدات؛ (لای راست) وێنەیەکی مانگی دەستکردە کە لە 27ـی ئابی 2026 گیراوە و هەمان ناوچە نیشان دەدات دوای ئەوەی لافاوێکی کتوپڕ و رۆچوونی زەوی لێی داوە.