ترەمپ ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ "دەریاچەی ئەمریکا" دەگۆڕێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە مەرسوومێکی فەرمیی ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆی بۆ "دەریاچەی ئەمریکا" گۆڕی، ئەم بڕیارەش ئاڵۆزییەکی نوێی لەگەڵ کەنەدا دروست کرد و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت: "ئەو ناوە هەر بە ئۆنتاریۆ دەمێنێتەوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە مەرسوومێکی لە نووسینگەی هێلکەیی لە کۆشکی سپی واژۆ کرد و تێیدا بڕیاری دا ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ، کە یەکێکە لە پێنج دەریاچە گەورەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا، بگۆڕێت بۆ "دەریاچەی ئەمریکا". ترەمپ رایگەیاند، بڕیارەکە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە جەنگێکی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا سەریهەڵداوە. ترەمپ لە کاتی واژۆکردنی مەرسوومەکەدا هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەرپرسانی کەنەدا "بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ کردووین" و بە "خەڵکی خراپ" وەسفی کردن.
ترەمپ ئەم بڕیارەی بە هاوشێوەی بڕیارەکەی مانگی کانوونی دووەمـی ساڵی 2025 وەسف کرد، کاتێک ناوی کەنداوی مەکسیکی بۆ "کەنداوی ئەمریکا" گۆڕی. هەروەها بە گاڵتەجاڕییەوە ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە لە داهاتوودا ناوی هەردوو زەریای ئەتڵەسی یان هێمن بگۆڕێت، یان رەنگە ناوی هەردووکیان پێکەوە بگۆڕێت.
لە بەرامبەردا، ئۆتاوا بە توندی بڕیارەکەی رەتکردەوە. مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) نووسیویەتی: "دەزانین ئەمریکا خەریکی گۆڕانکارییە لە سیاسەت و ناوی شوێنە نیشتمانییەکانیدا، بەڵام کەنەدییەکان دەزانن ناوی شتەکان وەک خۆیان بنێن، ئەم دەریاچەیە ناوی ئۆنتاریۆیە و بۆ هەتاهەتایەش هەر بەو ناوە دەمێنێتەوە."
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا جەختی کردەوە کە ناوی ئەم دەریاچەیە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 400 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، واتە زۆر پێش دروستبوونی یەکێتیی کەنەدا و سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.