دەم پارتی: دەبێت مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بانگهێشتی تورکیا بکرێن
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەکات مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بانگهێشتی ئەنقەرە بکرێن، هاوکات جەخت لە باشترکردنی دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکاتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی ئاشتی.
ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئابی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندیی پارتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ کوردانی سووریا دروست بکرێت.
دۆغان رووی دەمی کردە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و گوتی: "پێویستە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بێنە تورکیا. ئێمە وەک دەم پارتی بانگەواز دەکەین؛ ئیلهام ئەحمەد کە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەک ئەندامی پەرلەمانی سووریا بیبینین، بۆچی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاوە بانگهێشت نەکرێت؟ بۆچی پەیوەندیی دۆستانە پەرەی پێ نەدرێت؟"
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، پارتەکەیان لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی سووریا دەکات و گوتی: "هەنگاوێکی گرنگ نراوە بۆ یەکگرتنەوەی کوردانی سووریا لەگەڵ تەواوی وڵاتەکەدا، کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە خۆی رایگەیاندووە. ئێمە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە بوێریی ئەم هەنگاوانەیان هەبووە."
سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئایشەگوڵ دۆغان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت مەرج و ژینگەی کارکردنی ئۆجەلان بگۆڕدرێت تا بتوانێت ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی لە ئەستۆی گرتووە جێبەجێی بکات. گوتیشی: "ئەمە تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە چەکداری نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورک ببێتە راستییەکی هەمیشەیی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆغان رەتی کردەوە ئەو دەقانەی وەک "تێبینییەکانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان" بڵاوکراونەتەوە راست بن و داوای کرد رێگە بە رۆژنامەنووسان بدرێت بە ئازادانە لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی خەڵک زانیارییەکان لە سەرچاوەی سەرەکییەوە وەربگرێت و رێگری لە پڕوپاگەندە و تێکدانی پڕۆسەکە بکرێت.