عێراقچی: سەپاندنی گوشار بێسوودە و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی ئەستەم نییە

ئێران هۆشداری دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بەکارهێنانی "گوشار" دژی کۆماری ئیسلامی هیچ ئەنجامێکی نابێت، هاوکات دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ لە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، داوای لە واشنتن کرد پابەندی بەڵێنەکانی بێت.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "گەڕاندنەوەی دیپلۆماسی بۆ رێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی ئەستەم نییە، بەڵکو ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە تێگەیشتنی ئەمریکا لە راستییەکی سادە؛ کە ئەویش ئەوەیە گوشارهێنان کارساز و بڕبڕەدار نییە."

لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ڕۆژێک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر هات. بەرپرسە قەتەرییەکە بە مەبەستی بووژاندنەوەی ئەو دیپلۆماسییەی کە چەندین هەفتەیە پەکیکەوتووە، سەردانی تارانی کردبوو.

ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیان پێکرد؛ تاران لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی واشنتن و گەرووی ستراتیژیی هورموزی داخست.