ترەمپ: ئێران نایەوێت جارێکی دیکە لێیان بدەینەوە

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، گەرووی هورمز کراوەیە و ئێرانییەکان نایانەوێت جارێکی دیکە لێیان بدەینەوە، بەرپرسانی ئیسرائیلیش زانیاریی نوێ لەبارەی فەرمانی داخستنی هورمز ئاشکرا دەکەن. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاند: گەرووی هورمز کراوەیە و وەڵامی ئێران زۆر لاواز، ترەمپ بە جەختکردنەوە لە کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا گوتی "زۆر بە کورتی دۆخەکە بەم شێوەیە، ئێرانییەکان نایانەوێت جارێکی دیکە لێیان بدەینەوە، ئەمە کۆی ناوەڕۆکی دۆخەکەیە و ئەوەی دیکەش گرنگ نییە". 

هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە گۆڕانکارییەکی گەورە لە گەرووی هورمز روویداوە. ئەوان پێیان وایە ئەم دۆخە دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە جەنگەکەدا، کە نەک تەنیا ئارامی بۆ ئابووریی جیهان دەگەڕێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ ئێران.

بە گوێرەی ئاکسیۆس کە زانیارییەکانی لە دوو بەرپرسی ئیسرائیلی وەرگرتووە، بڕیاری داخستنی گەروی هورمز لەلایەن عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دراوە. تەنگسیری لە پشت پەردەوە فەرمانێکی دەرکردووە کە دۆخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆز کردووە. ئەو فەرمانە بریتی بووە لە بڵاوکردنەوەی مینە دەریاییەکان لە رێڕەوی هاتوچۆدا، کە سەرەکیترین رێڕەوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانییە لەناو گەرووەکەدا. سێ هەفتە دواتر، تەنگسیری لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەر عەباس لە ئێران کوژرا.