30 کەس لە پارێزگای مەرکەزیی ئێران بە تۆمەتی تێکدانی موڵکی گشتی دەستبەسەرکران
وەزارەتی هەواڵگریی ئێران رایگەیاند، 30 کەسیان لە شارەکانی مەحەلات و نیمەڤەر لە پارێزگای مەرکەزی کە ناوەندەکەی شاری ئەراکە، دەستبەسەر کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بەوەی لە ئاڵۆزییەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2026دا، دەستیان هەبووە لە تێکدان و سووتاندنی چەندین ماڵ، بانک، فرۆشگە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تایبەت. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، ئەو کەسانە هێرشیان کردووەتە سەر هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەر و چەند مزگەوتێک و ماڵی هاوڵاتییانیان تاڵان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی پارێزگای مەرکەزی ئاماژەی بەوە داوە، لە کاتی پشکنینی شوێنی ئەو کەسانەدا، بڕێک چەکی سارد و خواردنەوەی کحوولی و ماددەی بێهۆشکەر دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی شوباتی 2026دا، هەواڵی دەستبەسەرکردنی 70 کەسی دیکە لە هەمان پارێزگا بڵاو کرابووەوە، کە بە هەمان شێوە تۆمەتبار بوون بە بەشداریکردن لە رووداوەکانی ئەو ناوچەیە.
خۆپێشاندانەکانی کانوونی دووەمی 2026 شەپۆلێکی بەرفراوانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بوو لە ئێران. رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2025 بە مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییانی تاران لە رەخنەگرتن لە رەوشی نالەباری ئابووری و دابەزینی بەهای تمەن دەستی پێ کرد و بەخێرایی بۆ شارەکانی دیکەی وڵاتەکە گواسترایەوە.
توندوتیژییەکان لە رۆژانی 8 و 9ی کانوونی دووەمی 2026گەیشتە بەرزترین ئاست. سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکان، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئامارەکاندا دەبینرێت، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ئێران، ژمارەی کوژراوەکان نزیکەی سێ هەزار کەس بووە.