وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری دەدات: بە هیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆی سەربازی بڵاو مەکەنەوە
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ئەفسەر و پێشمەرگەکان و داوایان لێدەکات زۆر هۆشیار بن، بە هیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆی چالاکییە سەربازییەکانیان بۆ پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەنێرن.
ئەمڕۆ هەینی 28ی ئابی 2026، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە "لەم رۆژانەدا بەشێک لە پەیج، ئەکاونت و کەسایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، داوا لە ئەفسەران و پێشمەرگە دەکەن کە وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنیان لە شەڕەکاندا و بە جلوبەرگی سەربازییەوە بۆ بنێرن."
وەزارەتی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە "بۆ پاراستنی زانیارییە کەسی و گشتییەکان، ئەفسەر و پێشمەرگەکانی کوردستان لەم بابەتەدا زۆر هۆشیار بن و بە هیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بە چالاکییە سەربازییەکانیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەنێرن، بەتایبەت لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا."
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە سەرجەم پێشمەرگە و ئەفسەران دەکات کە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان و یەکە سەربازییەکانیان لە هەر مەترسییەک بپارێزن.