لەپێناو پاراستنی سیمای هەولێر؛ شارەوانی دەست بە هەڵمەتێکی چاودێری بۆ بازاڕی سەیداوە دەکات.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاندووە، هەڵمەتی چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ بازاڕی سەیداوە کردووە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش دەکەن و هەروەها جەخت لە پاکراگرتنی شۆستەکان و پاراستنی سیمای سەنتەری شار دەکەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئابی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاویکردەوە، لەپێناو پاراستنی سیمای سەنتەری شاری هەولێر، پاکڕاگرتنی شۆستە و شەقامەکان و رێگریکردن لە بڵابوونەوەی بۆنی ناخۆش و نەخۆشی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ بازاڕی سەنتەری شار و پردی سەیداوە ئەنجام دا .

سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی پشکنینەکاندا، دەرکەوتووە لە رۆژانی هەینیدا ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشیاران بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و دوای ڕەچاونەکردنی مەرجە ژینگەیییەکان، پەلەوەر و باڵندە لەسەر شۆستە و شەقامەکان نمایش دەکەن و پاشماوەکانیش بە پاکنەکراوەیی بەجێدەهێڵن، کە ئەمەش بارگرانییەکی گەورە بۆ تیمەکانی خاوێنکردنەوە دروست دەکات.

شارەوانیی هەولێر جەخت لەسەر ژمارەیەک خاڵ دەکاتەوە و به رەچاوکردنی دۆخی کاسبکارانی خۆماڵی و دوورخستنەوەی کەسانی بیانی لەم چالاکییە بازرگانییە هەڕەمەکیانە.

1- پابەندبوونی تەواوی کاسبکاران بە رێنماییەکانی شارەوانییەوە.

2- نەکردنی هیچ جۆرە زێدەڕۆییەک لەسەر موڵکی گشتی (شۆستە و شەقام).

3- پاکڕاگرتنی شوێنی کار دوای کۆتاییهاتن بە کارەکانی کڕین و فرۆشتن .

داواکارین لە کاسبکار و هاووڵاتییە خۆشەویستەکانمان، هاوکاری تیمەکانمان بن لە پاراستنی پاکوخاوێنی و ژینگەی شارەکەمان، چونکە جوانی و پاکی شارمان ئاوێنەی ژیانمانە.