رەزایی: ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکات گەرووی هورمز ناکرێتەوە
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، تاران و مەسقەت لەسەر کردنەوەی رێڕەوێکی دەریایی کاتی لە گەرووی هورمز رێککەوتوون، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە کردنەوەی تەواوەتی گەرووەکە پەیوەستە بە راگرتنی شەڕەکانی غەززە، لوبنان و سووریا لەلایەن ئەمریکاوە.
لیوا موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، گەیشتنی وڵاتەکەی و سوڵتاننشینی عومانی بە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی کاتیی گواستنەوەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز راگەیاند.
رەزایی روونیکردەوە کە ئەم رێڕەوە بەناو ئاوە هەرێمییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و عوماندا تێپەڕ دەبێت و بە هاوبەشی لەلایەن هەردوولاوە بەڕێوەدەبرێت، کە پڕۆسەی هاتوچۆی کەشتییەکان کۆنترۆڵ دەکەن.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمزی بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەستەوە. راشیگەیاند، تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەم رێڕەوە کاتییەدا پەیوەستە بەوەی واشنتن تا چەند جددییە لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی تاران، کە گرنگترینیان کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان و راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر سووریا.
موحسین رەزایی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلمەنار" ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بە ململانێیە ناوچەییەکان و جەختی لە بوونی "کەلێنێکی قووڵی بێمتمانەیی" لە نێوان تاران و واشنتن کردەوە. گوتیشی، پێویستە ئەمریکا جددییەتی خۆی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا بسەلمێنێت بەرلە هەر هەنگاوێکی دیکە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، رەزایی بارودۆخی ناوچەکەی وەک "زنجیرەیەکی بەیەکەوە بەستراو" وەسف کرد و رایگەیاند، هەر تێکچوونێکی ئاسایش لە هەر وڵاتێکدا کاریگەری نەرێنی لەسەر وڵاتانی دراوسێ دەبێت و تێچووی وەبەرهێنان زیاد دەکات و دەبێتە رێگر لەبەردەم گەشەپێداندا.