رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی: 6 هەزار دەریاوان لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە

ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی بۆ تۆڕی (CBS)ـی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە نزیکەی 6 هەزار دەریاوان لەناو 400 کەشتیدا لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە و بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە پرۆسەی ڕزگارکردنیان ڕاگیراوە و تاوەکوو ئێستاش نزیکەی 19 دەریاوان لە کاتی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە.

هەینی 28ـی ئابی 2026، تۆڕی هەواڵی (CBS)ـی ئەمریکی لە زاری ئارسینیۆ دۆمینگێز، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی بڵاویکردەوە، نزیکەی 6 هەزار دەریاوان لەناو 400 کەشتیدا لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە و ناتوانن ناوچەکە بەجێبهێڵن.

ئاماژەشی داوە، هەزاران دەریاوان لە ناوچەی گەرووی هورمز لە ژێر بارودۆخێکی پڕ لە مەترسی و نادڵنیایی ئەمنیی تونددا دەژین و کار دەکەن. دۆمینگێز بەبۆنەی تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر جەنگدا، باسی لەوە کرد، ئەم ململانێیە بووەتە هۆی پەککەوتنی گەورەی زنجیرەی دابینکردنی سووتەمەنی و کاڵا بنەڕەتییەکان لەسەر ئاستی جیهان.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، سەرەڕای راگەیاندنی پلانێکی بەرفراوان بۆ دەربازکردنی کارمەندانی کەشتییەکان لە ناوچەی کەنداو، تەنیا 136 کەشتی و نزیکەی 2 هەزار و 900 دەریاوان رزگار کراون؛ بەڵام پرۆسەی رزگارکردنەکە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تەواوی راگیراوە.

هاوکات ئاشکرا کراوە کە لە 28ـی شوبات و لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 19 دەریاوان لە کاتی ئەرکەکانیاندا لە ناوچەکە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی دەریاوانی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە تێکچوونی بەردەوامی ئاسایشی دەریایی لە جیهاندا دەربڕی، لە دەریای رەشەوە تا دەریای سوور، کەنداوی عەدەن و گەرووی هورمز، و جەختی کردەوە، ئەم ناسەقامگیرییە زیانی گەورەی بە بازرگانیی نێودەوڵەتی گەیاندووە و مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی هەزاران دەریاوانی بێتاوان.