مەسرور بارزانی: دڵگران و خەمبار بووم بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی شا هاڕاڵدی پێنجەم

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا خەمباریی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی پاشای نەرویج دەربڕی و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی شاهانە و خەڵکی ئەو وڵاتە کرد.

هەینی 28ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: دڵگران و خەمبار بووم بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی خاوەنشکۆ شا هاڕاڵدی پێنجەم، پاشای نەرویج.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: لە ناخی دڵمەوە سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شاهانە و تەواوی گەلی نەرویج دەکەم لەم کاتە سەختە و لەم لەدەستدانە گەورەیەدا؛ هیوادارم یادەوەری و میراتی بەجێماوی ناوبراو بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، کۆشکی شاهانەی نەرویج لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پاشا هاراڵدی پێنجەم، کاتژمێر 6:35ـی بەیانی، لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆسلۆ لە تەمەنی 89 ساڵیدا و دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد.

دوای راگەیاندنی هەواڵەکە، ئاڵای وڵات لەسەر کۆشکی شاهانە لە ئۆسلۆ داگیرا و شازادە هاکۆنی تەمەن 53 ساڵ، وەک جێنشینی باوکی، دەسەڵاتەکانی وەک پاشای نوێی نەرویج گرتەدەست.

پاشا هاراڵد کە بەتەمەنترین پاشای ئەوروپا بوو، لە 17ـی ئابەوە بەهۆی نەخۆشیی "کەمخوێنیی شیکەرەوە" لە نەخۆشخانە بوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا باری تەندروستی بەتەواوی تێکچوو و کۆشکی شاهانە دۆخەکەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسف کردبوو.

هاراڵدی پێنجەم لە ساڵی 1991ـەوە لەسەر تەختی پاشایەتی بوو. ئەو لە ماوەی 35 ساڵی حوکمڕانیدا وەک کەسایەتییەکی میانڕەو و کۆکەرەوەی گەلی نەرویج دەبینرا. هەرچەندە لە ساڵانی دواییدا بەدەست چەندین کێشەی تەندروستییەوە دەیناڵاند، بەڵام هەمیشە جەختی دەکردەوە کە سوێندی پاشایەتییەکەی پابەندبوونێکی هەتاهەتاییە و دەستبەرداری تەخت نابێت.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی، هاووڵاتیانی نەرویج لەبەردەم کۆشکی شاهانە کۆبوونەتەوە و بە دانانی گوڵ رێز لە یادی پاشا هاراڵد دەگرن، کە لە ناو وڵاتەکەیدا بە پاشایەکی "گەرموگوڕ و جێگیر" ناسرابوو.