واشنتۆن هاوسەنگیی هێز لە گەرووی هورمزدا بە قازانجی خۆی دەگۆڕێت
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا گۆڕانکارییەکی ستراتیژییان لە هاوسەنگیی هێز لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد، بەو پێیەی سوپای ئەمریکا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا توانیویەتی بە شێوەیەکی پلەبەندی هەژموونی ئێران لەسەر ئەم رێڕەوە ئاوییە کەم بکاتەوە، کە پێشتر وەک کارتێکی بەهێزی تاران سەیر دەکرا.
هەینی، 28ـی ئابی 2026، چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا، بۆ پێگەی هەواڵیی 'ئەکسیۆس' ئاشکرایان کرد، سوپای ئەمریکا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا سەرکەوتوو بووە لە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لەسەر گەرووی هورمز.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە کرد، کاریگەریی هێرشەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ بە جۆرێک لە مانگی رابردوودا تەنیا %2ـی ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، ئەمەش بەڵگەی سەرکەوتنی رێوشوێنەکانی پاراستن و بەرپەرچدانەوەی ئەمریکایە.
بەرپرسانی واشنتن، پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییانە وەک خاڵی وەرچەرخان لە ململانێکاندا سەیر دەکرێن؛ چونکە نەک هەر دەبنە هۆی باشتربوونی باری ئابووریی جیهانی کە بەهۆی تێکچوونی جووڵەی کەشتیوانییەوە زیانی بەرکەوتبوو، بەڵکو رێگە خۆش دەکەن بۆ سەپاندنی مەرجی باشتر لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
دوێنێ، پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی راگەیاندبوو، گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە. ئاماژەی بەوە کردبوو، ئێران ئێستا زۆر لاواز بووە و لە ئەمریکا دەترسێت.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، دانوستانکارانی ئەمریکی کار دەکەن بۆ بەکارهێنانی ئەم باڵادەستییە سەربازییە و توندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان، بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ئامادەیی تاران بۆ نەرمکردنی هەڵوێستە توندەکانی.
بە پێی راپۆرتێکی پێگەی هەواڵیی 'ئەکسیۆس'، ئیدارەی ئەمریکا رێککەوتننامەکانی پێشووی، لەوانەش یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراو لە 17ـی حوزەیرانی رابردوو، بە بەسەرچوو دەزانێت و پێی وایە لەگەڵ واقیعی نوێدا ناگونجێت.