فۆکس نیوز: ئەمریکا ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندەوە

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراقی هەڵوەشاندەوە و ناوی خستە ناو لیستی چاودێریی تیرۆرەوە و چوونی بۆ ئەمریکا قەدەخە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی پێشووی ئەمریکاوە خەڵاتی ئازاترین ژنانی جیهانی پێبەخشرابوو.

هەینی 28ی ئابی 2026، تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە کە واشنتن بە فەرمی ڤیزای تەیف سامیی هەڵوەشاندووەتەوە.

دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی بە فۆکس نیوزی راگەیاند: لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بە شێوەیەکی شەرمەزارکەر خەڵاتی ئەو بیانییانەی دەکرد کە هەڕەشەن بۆ سەر نەتەوەکەمان، بەڵام وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی ترەمپدا ڤیزاکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە؛ لەژێر سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەدا، هەرگیز رێگە نادرێت گومانلێکراوانی تیرۆر لە ئەمریکا بمێننەوە یان بێنە ناو خاکەکەمان.

ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی واشنتن لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2022دا و کاتێک تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بوو، ئانتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا لە مەراسیمێکی فەرمیدا خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازایەتیی پێبەخشی و بە ژنی ئاسنینی عێراق ناوی برد بەهۆی ئەوەی کە رووبەڕووی گەندەڵی و بەرتیلوەرگرتن بووەتەوە لە داڕشتنی بودجەی عێراقدا.

بەپێی راپۆرتەکە، چەندین یاسادانەری دیاری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا، لەوانە جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوبی، پێشتر تەیف سامییان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە رێگەی سیستەمی دارایی و بانکیی عێراقەوە بووەتە هۆی ئاسانکاریکردن بۆ پارەدارکردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا، و داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردبوو سزای توندی بەسەردا بسەپێنێت.

هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی واشنتن، لە ناوخۆی عێراقیشدا دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ تەیف سامی دەرکردووە و ناوی خستووەتە لیستی داواکراوانەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە گرێبەستە حکوومییەکاندا؛ بەپێی زانیارییەکانیش، ناوبراو ئێستا لە دەرەوەی خاکی عێراق دەژی.