وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرفراوانی «ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری» زنجیرەیەک رێکاری توندی بۆ دابڕینی لقی ئیماراتی بانکی میسر لە سیستەمی دارایی و دۆلاری ئەمریکی راگەیاند، هاوکات سزای بەسەر بەڕێوەبەری لقی دوبەیی بانکی میللیی ئێران و تۆڕێکی سپیکردنەوەی پارە لە هۆنگ کۆنگدا سەپاند کە پەیوەستن بە سوپای پاسداران و رابەری باڵای ئێرانەوە.

هەینی 28ی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وەزارەتی گەنجینە بەڵێنی دابوو تەواوی ئەو شادەمارە ئابوورییانەی کە بۆ تاران ماونەتەوە بیپچڕێنێت و کۆتایی بە هەڕەشەکانی ئێران بهێنێت.

گوتی: ئێمە پێشتریش هۆشداریمان دابوو کە ئەو لایەنانەی هاوکاری و ئاسانکاری بۆ ئێران دەکەن، ناتوانن بەردەوام بن لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی و سوودوەرگرتن لە سیستەمی دارایی جیهان؛ لقی بانکی میسر لە ئیمارات بڕیاریدا بە رێگە سەختەکەدا تاقیبکاتەوە، هەربۆیە ئەمڕۆ یەکەمین هەنگاو بۆ لێپرسینەوە لێی دەستپێدەکەین لە بەرامبەر ئەو پشتیوانییە بەردەوام و مەترسیدارەی کە پێشکەشی ئێرانی دەکات.

بەپێی راپۆرتی تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکانی ئەمریکا (FinCEN)، لقی بانکی میسر لە ئیمارات (Banque Misr UAE) وەک ناوەندێکی سەرەکی و مەترسیداری دەستڕاگەیشتنی تاران بە دۆلاری ئەمریکی پۆلێن کراوە. هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی گەنجینە دەریانخستووە کە لە نێوان کانوونی دووەمی 2024 تاوەکو حوزەیرانی 2026، ئەو بانکە بڕی نزیکەی 1.8 ملیار دۆلاری بۆ 103 کۆمپانیا دابینکردووە کە بەشێکن لە تۆڕی بانکیی سێبەری ئێران.

ئاماژەشی دا، تاران ئەم جۆرە تۆڕانە بەکاردەهێنێت بۆ سپیکردنەوەی پارە، کڕینی چەک، و دابینکردنی بودجە بۆ گرووپە چەکدار و تیرۆریستییە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، هاوکات لە نێو کڕیارەکانی ئەو بانکەدا کۆمپانیای ساختەی سەر بە وەزارەتی جەنگی ئێران، سوپای پاسداران و کەسایەتییەکانی نزیک لە موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران بوونیان هەیە.

لە رووی یاساییەوە، تۆڕی (FinCEN) بەپێی ماددەی 311 لە یاسای نیشتمانپەروەریی ئەمریکا (USA PATRIOT Act)، پرۆژەبڕیارێکی دەرکردووە کە بەپێی ئەوە دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا بە تەواوی قەدەخەیان لێدەکرێت هەژماری بانکیی بۆ لقی بانکی میسر لە ئیمارات بکەنەوە، هەروەها دەبێت بانکە ئەمریکییەکان رێکاری چڕ بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لەوەی هیچ بانکێکی بیانی مامەڵەی دۆلار لە رێگەی ئەو بانکەوە تێپەڕێنێت. ئەم بڕیارە تەنیا لقی ئیماراتی بانکی میسر دەگرێتەوە و ماوەی 30 رۆژ دانراوە بۆ وەرگرتنی سەرنج و تێبینییە گشتییەکان پێش جێبەجێکردنی کۆتایی.

هاوکات لەگەڵ ئەم رێکارەدا، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەتوسامانی بیانی (OFAC) زنجیرەیەک سزای نوێی لە چوارچێوەی یاساکانی دژەتیرۆردا سەپاند. لەو چوارچێوەیەدا، سزای بەسەر رەزا محەمەد تاییدی هاووڵاتیی ئێرانی و بەڕێوەبەری گشتیی لقی دوبەیی بانکی میللیی ئێراندا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی لە رێگەی ئەو بانکەوە ئاسانکاری بۆ مامەڵەی ملیاران دۆلار لە رێگەی هەژمارەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کردووە و پارەی بۆ میلیشیاکانی سەر بە تاران لە عێراق و ناوچەکە دابین کردووە. هەروەها کۆمپانیای بازرگانیی (Kameng Trading Limited) لە هۆنگ کۆنگ خرایە لیستی سزاکانەوە بەهۆی سپیکردنەوەی پارە بۆ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی سزادراوی ئێرانی ناسراو بە پێدرام پیرووزان / ئۆپال ئێکسچەینج.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا روونیکردەوە، «ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری» کە لە 24ی ئابی 2026 لەلایەن بێسێنتەوە راگەیەندرا، نەخشەی سەرجەم کەناڵە داراییەکان و قاچاخچێتیی نەوت و تۆڕەکانی تێپەڕاندنی سزاکانی تارانی دیاری کردووە بە مەبەستی وشککردنی تەواوەتیی داهاتە نایاساییەکانی ئێران. گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی داوە، هەر دامەزراوەیەکی دارایی لە جیهاندا مامەڵە لەگەڵ ئەم لایەنانە بکات، رووبەڕووی سزای لاوەکی و دابڕانی یەکجارەکی لە سیستەمی دارایی ئەمریکا دەبێتەوە.

لە بەشیێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەرجەم سامانی ئەو لایەن و کەسانە لە خاکی ئەمریکا یان لەژێر دەسەڵاتی هاووڵاتییانی ئەمریکادا بلۆک دەکرێن، و هەر جۆرە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەک پێیان بە توندی سزادەدرێت.

وەزارەتی گەنجینە ئاشکراشی کرد، لە رێگەی بەرنامەی پاداشتی ئاشکراکەرانی زانیارییەوە، پاداشتی دارایی دەدرێتە هەر کەسێک لە ناوخۆ یان دەرەوەی ئەمریکا کە زانیاری لەسەر پێشێلکردنی ئەم سزایانە بدات بە جۆرێک کە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بەسەر سەرپێچیکاراندا.