زەیدی: عێراق شەڕی دژی گەندەڵی و ماددە هۆشبەرەکان دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە دژی گەندەڵی و ماددە هۆشبەرەکان. گوتیشی: ئێستا لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی ناوچەکەین بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەکان.

هەینی، 28ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانێکی مەیدانی بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدا، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان و ئەو هەوڵانەی لەم چوارچێوەیەدا دەدرێن.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی لە میانەی سەردانەکەیدا، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کادیرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد و جەختی کردەوە، "عێراق لە شەڕێکی سەختدایە دژی گەندەڵی و ماددەی هۆشبەر".

هاوکات زەیدی سووربوونی حکوومەتەکەی نیشاندا کە هیچ پاشەکشە و خەمساردییەک لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا ناکرێت، چونکە ئەمە بە شەڕی پاراستنی داهاتووی عێراق و نەوەکانی داهاتوو دادەنرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق روونی کردەوە، داتاکان نیشانی دەدەن عێراق پێشکەوتنی گەورەی لەم شەڕەدا بەدەستهێناوە و ئێستا لە پێشەنگی وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو خاکەکەی یان بەکارهێنانی وەک رێڕەوێک بەرەو وڵاتانی دیکە.

هەروەها رێنمایی دا کە بایەخی تەواو بە چارەسەرکردنی بارودۆخی تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکان بدرێت و سەرجەم پێداویستییە لۆجستی و داراییەکان بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان دابین بکرێن.