موجتەبا خامنەیی: هەر جۆرە کارێک کە زیان بە تەبایی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت قەدەخەیە
رێبەری باڵای ئێران، بە بۆنەی هەفتەی دەوڵەتەوە پەیامێکی گشتگیری ئاراستەی گەلی ئێران و بەرپرسان کرد و تێیدا رایگەیاند: کە پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی کۆمەڵایەتی ئەرکێکی بنەڕەتییە و هەر جۆرە هەنگاو یان گوتارێک کە ببێتە هۆی دروستکردنی دوو جەمسەریی وەهمی بە توندی قەدەخەیە.
هەینی، 28ـی ئابی 2026، نووسینگەی رێبەری باڵای ئێران، دەقی پەیامی فەرمی موجتەبا خامنەیی، بە بۆنەی هەفتەی دەوڵەتەوە بڵاو کردەوە، کە پەیامەکە ئاراستەی بەرپرسانی دەوڵەت و گەلی ئێرانی کراوە.
له دەستپێکی پەیامەکەدا، موجتەبا خامنەیی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم کارمەندان و بەڕێوبەرانی دەزگاکانی دەوڵەت و بەتایبەت سەرۆککۆمار کردووە بۆ ئەو هەنگاوانەی ناویانە سەرەڕای گەمارۆ ئابوورییە توندەکان لە ماوەی جەنگدا.
لە پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە هێز و توانای گەلی ئێران لە میدیاکاندا بە شێوەیەکی گونجاو نیشان بدرێت، لاوازی و کەمکوڕییەکان پێویستیان بە گەورەکردن نییە؛ بەڵکو پێویستیان بە پلانی جیددی هەیە بۆ چارەکردن، چونکە بڵاوکردنەوەی ناڕەوای کەمکوڕییەکان لە کاتێکدا کە دوژمن پێویستی بە بەرزکردنەوەی ورەی هەیە، دڵەڕاوکێ بۆ دۆستان و هاوڕێیان دروست دەکات.
موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا، جەختی لەسەر پێویستیی چارەکردنی بە پەلەی کێشە ئابوورییەکان کردووەتەوە، لەوانە: هەڵاوسان، بێکاری، کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و بازاڕی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان هەروەها داوای کردووە کە رۆڵی دۆلار لە هاوکێشە ئابوورییەکاندا بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ کەمبکرێتەوە و بنەماکانی ئابووریی خۆڕاگری بە شێوەیەک جێبەجێ بکرێن کە تێیدا بەرهەمی ناوخۆیی ببێتە چەقی کارەکان و هاوردەکردنی کاڵاکانیش بە شێوازێکی حەکیمانە رێکبخرێتەوە لەو شوێنانەی بەرهەمی ناوخۆیی بەش ناکات.
سەبارەت بە پرسی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی، رێبری باڵای ئێران هۆشداری داوە لە دروستکردنی هەر جۆرە دوو جەمسەرییەکی وەهمیی وەک "جەنگ یان دانوستان"، "سازش یان جەنگخوازی" کە لە ڕابردوودا زیانی بە گەلی ئێران گەیاندووە، بۆیە ڕایگەیاندووە کە ئەنجامدانی هەر هەنگاوێک کە زیان بە یەکڕیزی و تەبایی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت، بە توندی قەدەخەیە.