عێراقچی: سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان لە هیچ کەس و لایەنێک نابوورین
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی پێشێلکردووە کە سەرۆکی ئەو وڵاتە واژۆی لەسەر کردبوو، و هۆشداریی دا کە تاران لەسەر پرسی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی چاوپۆشی لە هیچ لایەنێک ناکات.
هەینی، 28ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە و گوتی: ئەمریکا ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی پێشێلکرد کە سەرۆکەکەی واژۆی کردبوو؛ ئێمە سەبارەت بە پرسی ئاسایشمان لە هیچ کەس و لایەنێک نابوورین.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، تاران لە دانوستان و رێڕەوی دیپلۆماسیدا بە هەمان ئەو هێز و پێداگرییەوە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران دەکات کە لە کاتی جەنگدا نیشانی داوە.
سەبارەت بە گوشارە داراییەکان و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن واشنتنەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، قسەکردن لەسەر گوشاری ئابووری و سزا شتێکی نوێ نییە و ئیرادەی گەلی ئێران لەو سزایانە گەورەترە.
عێراقچی دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی هیچ هیوایەک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەڵناچنێت و تەنیا پشت بە هێزی ناوخۆیی و گەلی خۆی دەبەستێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی گوتارێکیدا لە چلەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی یەکڕیزیی ئیسلامی لە تاران، ئاماژەی بەوە کرد کە تاران خوازیاری پەیوەندییەکی باش و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی ئابوورییە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەت دراوسێکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
عێراقچی سەرنجی خستە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ قاهیرە و رایگەیاند: ئێستا هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئێران و میسردا نییە، و هەر کاتێک هاوڕێیانمان لە میسر و بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئامادە بن بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکان، ئێمەش بە تەواوی ئامادەین.
سەبارەت بە لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئێران خواستی وڵاتەکەی بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی باش لەگەڵ تەواوی لایەنەکان و حکوومەتی ئەو وڵاتە دەربڕی، بەڵام هاوکات رەخنەی لە بەشێک لە سیاسەتەکان گرت و هیوای خواست وەزارەتی دەرەوەی لوبنان زیاتر عەقڵانی بێت لە بڕیارەکانیدا.
عێراقچی باسی لە پەیوەندییە مێژووییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی کیشوەری ئەفریقاش کرد و جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای یەکڕیزیی جیهانی ئیسلامی کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، عێراقچی باسی لە دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: ئێمە پشت بە توانای ناوخۆیی و ئەو چەکانە دەبەستین کە بە تەکنۆلۆژیای خۆماڵی دروستمان کردوون؛ مووشەکی وا کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرپەرچدانەوەیاندا دەستەپاچە بوون. هێرشە مووشەکییەکانمان تەنیا بۆ سەر ئامانج و بنکەکانی ئەمریکا بووە لە ناوچەکەدا نەک وڵاتانی دراوسێ و موسڵمان، و پێشتریش هۆشداریمان دابوو کە لە کاتی دەستدرێژیی واشنتندا، سەرجەم بنکە سەربازی و شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبنە ئامانجی شەرعیی ئێران بۆ بەرگری لە خۆکردن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامەکانی جەنگەکەی شی کردەوە و رایگەیاند، وڵاتانی ناوچەکە تێگەیشتن رێچکە ئەمنییەکانیان شکستی هێناوە و بنکەکانی ئەمریکا ناتوانن ئاسایشیان بپارێزن، چونکە ئەو بنکانە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی ئیسرائیل جێگیرکراون. ئاشکراشی کرد، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوای شکستهێنانیان لە بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکانیان، راگرتنی توانای مووشەکیی تاران، و پیلانی پارچەپارچەکردنی ئێران لە رێگەی پڕچەککردنی گرووپە چەکدارەکان لەسەر سنوورەکان، ناچار بوون پەنا بۆ داواکاریی ئەنجامدانی دانوستان ببەن.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، دوژمنان دوای جەنگە 12 رۆژەییەکەی ساڵی رابردوو، وایانزانی دەتوانن لە رێگەی ناردنی گرووپی چەکدار، پەلاماردانی پۆلیس و کوشتنی خەڵکی بێتاوان، یەکڕیزیی کۆمەڵایەتیی ئێران تێکبدەن تا ئەمریکا پەلبکێشن بۆ دەستوەردانی سەربازی، بەڵام هوشیاریی گەل و هێزە چەکدارەکان تەواوی ئەو پیلانانەی لەباربرد و سەلماندیان کە هێزی ئێران لە یەکڕیزی و پشتبەستن بە توانای ناوخۆیدایە.