مەسعود پزیشکیان: هاوردە و هەناردەمان تا 35% کەمی کردووە
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئێران لە دۆخی جەنگدایە و رووبەڕووی کەمبوونەوەی داهات و گەمارۆی ئابووری بووەتەوە، هاوکات وردەکاریی دانوستانەکان لەسەر گەرووی هورمز، رێککەوتنی ئیسلامئاباد، قەیرانی سووتەمەنی و پێویستیی یەکڕیزیی نێوان وڵاتانی ئیسلامیی ئاشکرا کرد.
هەینی 28ـی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بەبۆنەی هەفتەی دەوڵەتەوە، دۆخی وڵاتەکەی لە ژێر رۆشنایی ململانێ سەربازییەکاندا خستەڕوو و رایگەیاند، بەرپرسان و خەڵک پێویستە لەوە تێبگەن کە وڵات لە شەڕدایە، و بەهۆی گەمارۆکانەوە هەناردە و هاوردەکردن بە رێژەی 25 بۆ 35 لەسەد کەمی کردووە و رێڕەوەکان داخراون؛ ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمبوونەوەی کاڵا سەرەکییەکان لەوانە بەنزین.
پزیشکیان گوتی: ئەگەر سزاکان بەردەوام بن گرانی زیاتر دەبێت، چونکە پێشتر کاڵاکان بە کەشتی دەهاتن و هەرزانتر بوون، بەڵام ئێستا بە ڕێگەی دوورتر و بە تێچووی زیاتر دەگوازرێنەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان رێگری لە دروستبوونی گرانی کاڵا لە بازاڕەکاندا بکەین.
سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز و لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد، پزیشکیان ئاشکرای کرد، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکی پەرلەمان، فەرماندە سەربازییەکان و وەزیرەکان، بە زۆرینەی دەنگ 12 بۆ 13 دەنگ و بە رەزامەندیی رابەری باڵا لەسەر رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد رێککەوتبوون، کە تێیدا بڕیار بوو گەمارۆ دەریاییەکان و سزاکانی سەر نەوت و پترۆکیمیایی هەڵبگیرێن و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن.
سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەدا تاران توانیویەتی 90 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات و پلانی وەبەرهێنانی 300 ملیار دۆلاری لەگەڵ وڵاتانی وەک قەتەر و ئیمارات دابڕێژێت، بەڵام واشنتن لە بەڵێنەکانی پاشەکشەی کرد و پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو.
پزیشکیان سەرنجی خستە سەر دانوستانەکانی ئەم دواییەی تاران لەگەڵ عومان و روونیکردەوە کە بە هەماهەنگیی سوپا، سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان، نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی کاتیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز داڕێژراوە و پێشکەشی رابەری باڵا کراوە؛ هەروەها بە پشتبەستن بە گوتەکانی ئیمام عەلی لە نامەکەیدا بۆ مالیکی ئەشتەر سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، گوتی: ئێمە پێشوازی لە ئاشتی دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا وریای غافڵگیرکردن و فێڵی دوژمنین؛ تا ئەو کاتەی ئەوان پابەندی رێککەوتن بن ئێمەش پابەند دەبین، ئەگەر ئەوان پابەند نەبن، ئێمەش پابەند نابین.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران جەختی، دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامی کردەوە، لەوانە: سعوودیە، تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان، ئیمارات، قەتەر، عومان، میسر، ئازەربایجان و تورکمانستان. پزیشکیان دووپاتیکردەوە پێویستە وڵاتانی ئیسلامی ناکۆکییەکان وەلا بنێن و پێکەوە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن و رێگە نەدەن ئیسرائیل دەستدرێژی بکاتە سەر خاکی وڵاتانی موسڵمان.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆککۆماری ئێران سەرنجی خستە سەر پرسی چاکسازیی کارگێڕی و شایستەسالاری و رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتەکان شۆڕبکرێنەوە بۆ پارێزگارەکان، و بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای تێڕوانینی حزبی و باڵباڵێن نەبێت، بەڵکو کارەکان بە کەسانی پسپۆڕ و لێهاتوو بسپێردرێن
مەسعود پزیشکیان دووپاتیکردەوە تەنیا بە یەکڕیزی و لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی و گرتنەبەری دیدگایەکی هاوبەش، ئێران دەتوانێت بەسەر ئەم قۆناخە سەختە و گوشارە دەرەکییەکاندا سەرکەوێت.
سەبارەت بە بەشداریکردنی ژنان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، پزیشکیان ستایشی کار و چالاکییەکانی ژنانی ناو کابینەکەی کرد و بە جێگەی شانازی لەقەڵەمی دان، هاوکات ئاشکراشی کرد، پلانیان هەبوو ژنێک وەک پارێزگار دەستنیشان بکەن، بەڵام کاندیدەکە خۆی پاشەکشەی کرد، و جەختی کردەوە کە دەبێت زەمینە بۆ ژنان بڕەخسێنرێت تا ئەزموونی بەڕێوەبردن لە پۆستە باڵاکاندا وەربگرن.