جارێکی دیکە بۆنێکی ناخۆش بەغدای گرتەوە
شەوی هەینی لەسەر شەممە، بۆنێکی توندی ناخۆش کە هاوشێوەی کبریتە، جارێکی دیکە بەغدای گرتەوە. ئەمە نوێترین پیسبوونی ژینگەیە کە لەمساڵدا چەندین جار دووبارە بووەتەوە و دانیشتووانی پایتەختی بێزار کردووە.
میدیاکان رایانگەیاندووە؛ بۆنەکە ناوچە جیاجیاکانی پایتەختی گرتووەتەوە. لە کاتێکدایە کە کەمتر لە سێ هەفتە پێش ئێستا، دیاردەیەکی هاوشێوە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ناوچەکانی باشووری بەغدا بەردەوام بوو.
رێکخراوی چاودێری سەوزی عێراق پێشتر هۆشداریی دا لەبارەی دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە، بەو پێیەی سەرچاوەکانی پیسبوون تا ئێستا بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر نەکراون.
ئەو رێکخراوە بڵاوبوونەوەی بۆنەکە بۆ چەند سەرچاوەیەک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە: دەردراوی دامەزراوە نەوتی و پیشەسازییەکان، کارگە نایاساییەکانی دەوروبەری بەغدا، سووتاندنی هەڕەمەکی پاشماوە و خۆڵ و خاشاک، هەروەها گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە دەبێتە هۆی قەتیسبوونی گازە پیسبووەکان لە نزیک رووی زەوی.
میدیاکان پێشتر بەرزبوونەوەی دووکەڵی چڕیان لە پاڵاوگەی دۆرە لە باشووری بەغدا تۆمار کردبوو، کە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنی توندی کبریت لە ناوچە نزیکەکانی ئەو پاڵاوگەیە.