هۆشداری لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر سعوودیە دەدرێت

سعوودیە: وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی گرووپە چەکدارەکان دەدەینەوە

سەرچاوە هەواڵگرییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، پلانیان هەیە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هێرش بکەنە سەر خاکی سعوودیە

میدیاکان بڵاویانکردەوە، زانیاری وردی هەواڵگری لەبارەی پلانی ئەو میلیشیا عێراقییانە بۆ بەئامانجگرتنی سعوودیە دەستکەوتووە.

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان هەردوولا لە چەند رۆژی رابردوودا بەرز بوونەتەوە. تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، هێزە بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی لە 27 و 28ی تەممووز توانیویانە چەندین درۆن تێکبشکێنن، کە ئامانجیان دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەکانی ریاز و ناوچەی رۆژهەڵات بووە.

مالیکی جەختیکردەوە، هێرشەکان لە ناو خاکی عێراقەوە کراون و میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسن لەو دەستدرێژییانە. گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە گوتی: "سعوودیە مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە خاک و سەروەریی وڵاتەکەی بکات و لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە".

بەرپرسانی سعوودیە روونیکردەوە، هەرچەندە وڵاتەکەیان خوازیاری پەرەسەندنی گرژییەکان نییە، بەڵام بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر دامەزراوە ستراتیژییەکانیان بێدەنگ نابن و وەڵامی توندیان دەبێت.

رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی سعوودیە کۆبوونەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی توندوتۆڵکردنی ئاسایشی سنوورەکان و فراوانکردنی ئاستی هاوکارییە هەواڵگرییەکان.

بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق، لە بەغدا پێشوازییان لە شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی سعوودیە کرد و کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان و چڕکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە دووقۆڵییەکان بکات.

هاوکات هەردوولا، جەختیان لەسەر پەرۆشیی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بۆ چەسپاندن و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی کاری ئەمنی، بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵاتدا هەبێت.

پێشتر رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی ریازی کرد و لە میانەی سەردانەکەدا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە ئەنجام دا و جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان کردەوە.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردبوو، هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان کردبووەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بکات و سەقامگیریی ناوچەکە دابین بکات.

لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی سعوودیە دووپاتی کردبووەوە، وڵاتەکەی هەمیشە لەگەڵ عێراقدا دەوەستێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و گەشەکردنی وڵاتەکە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئەمریکا و سعوودیە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هەماهەنگکراویان بۆ سەر چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەنجامدا. هێرشەکان پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووکیان گرتەوە.

دواتر بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا و بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر سعوودیە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە؛ بەڵام لەسەر داوای هادی عامری،  ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، وەڵامدانەوەی هێرشەکانی دواخست.