دۆناڵد ترەمپ: دەستمان بەسەر 20%ـی نەوتی ڤێنێزوێلادا گرت
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵمەتێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 20%ـی یەدەگی نەوتی ڤێنێزوێلا راگەیاند. ترەمپ پشت بە توانای کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبەستێت بۆ بووژاندنەوەی کەرتی وزەی ئەو وڵاتە، کە ئەندامە لە رێکخراوی ئۆپێک و واشنتن دەیەوێت لە رێگەیەوە سەرچاوەیەکی نوێی نەوتی خاو بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا دابین بکات.
دۆناڵد ترەمپ وردەکارییەکی کەمی لەبارەی رێککەوتنەکە ئاشکرا کرد و تەنیا ئەوەی خستەڕوو، ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، پشکی زۆرینەی یەدەگی نەوتی ڤینێزوێلا کە زیاتر لە 65 ملیار بەرمیلە بەدەست هێناوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆڕمی 'ترووس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "بەپێی راسپاردەکانم، مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ دێڵسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤێنێزوێلا و بە هاوبەشی و لەرێگەی کۆمپانیا تایبەتەکان، توانییان زۆرینەی یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی ڤێنێزوێلا کە زیاتر لە 65 ملیار بەرمیلە بەدەست بهێنن و کۆنترۆڵی بکەن، ئەمەش بەبێ ئەوەی هیچ تێچوویەکی بۆ باجدەرانی ئەمریکی هەبێت".
ئەم راگەیاندنە لە وەڵامی ئەو دانوستانانەدا دێت کە چەند هەفتەیەک لەنێوان ئەمریکا و ڤێنێزوێلا بەڕێوەچوون، دانوستانەکان تایبەت بوون بە رێککەوتنێک کە رێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەستیان بە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی ڤێنێزوێلا بگات و دڵنیایی بدات لە گواستنەوەی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو بۆ ئەمریکا.
شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، بە چڕی پایتەختی ڤێنێزوێلایان بۆردومان کرد، هەروەها ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.
هەمان رۆژ، دۆناڵد ترەمپ، ئەمەریکا لە کۆنگۆیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی سەر ڤێنێزوێلا و دەستگیریکردنی سەرۆکەکەی گوتی: لەسەر فەرمانی من هێزەکانمان هێرشێکی بێوێنەیان کردە سەر پایتەختی ڤێنێزوێلا.
گوتیشی: ئامانجی هێرشەکەمان لە نێوبردنی نیکۆلاس مادورۆ دیکتاتۆر و پەلکێشکردنی بۆ دادگا بوو، کە لە شەوێکی تاریک دەستگیر کرا و لە نیویۆرک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە نیویۆرک دادگایی دەکرێت.
هاوکات رۆژی دواتر دادگای باڵای ڤێنێزوێلا بڕیاری دا، دێڵسی رۆدریگیز "پۆستی سەرۆکی کۆماری ڤێنێزوێلا وەردەگرێت، بە مەبەستی راپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت و پاراستنی نەتەوە."