خاتەمولئەنبیا بۆ ناتانیاهۆ: بۆ راگرتنی شێتییەکانی ئێوە پێویستمان بە چەکی ئەتۆمە

بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران وەڵامێکی توندی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە و رایگەیاند؛ وڵاتەکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل، پێویستی بە چەکی ئەتۆمە.

ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای ئێران، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس راستەوخۆ بۆ ناتانیاهۆ و نووسیویەتی: "ئێوە غەززە، فەڵەستین و لوبنانتان وێران کردووە و ئێستاش هەوڵی وێرانکردنی ئێران دەدەن. بۆیە ئێمە پێویستمان بە چەکی ئەتۆمییە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شێتییانەی ئێوە بهێنین."

ئێران بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی راشکاو باس لە چەکی ئەتۆمی دەکات وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە لە دژی هەر هێرشێکی ئەگەر بۆ سەر خاکەکەی.

بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاندبوو: "خاوەندارێتی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی بە واتای کۆتاییهاتنی ئیسرائیل و گەلی جوو دێت." ناتانیاهۆ جەختی کردبووەوە، ئیسرائیل چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی هیچ لایەنێک ناکات و بۆ رێگریکردن لە لەناوچوونی خۆی، هەنگاوی پێویست دەنێت.

لای خۆیانەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی دۆزینەوەی رێگەیەک دەدات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرانسەری لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکەشەوە موحسین رەزایی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هەڕەشەی لە ناتانیاهۆ کرد و رایگەیاند؛ "هەڵە گەورەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆتایی ئیسرائیلی نزیک کردووەتەوە."