دەستگیرکردنی بکوژی عەمید و ئەفسەرەکەی پۆلیس لە بەغدا راگەیەندرا
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بکوژی عەمید و ئەفسەرێکی پۆلیسیان لە ناوچەی دۆرە دەستگیر کردووە.
سەعد مەعن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شانەی هەڵۆکانی سەر بە دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان، دوای بەدواداچوونی تەکنیکی و مەیدانی ورد، توانیویانە بکوژەکە دەستگیر بکەن.
وەزارەتی ناوخۆ پێشتر رایگەیاندبوو، عەمیدێک و ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەمانەی بەغدای بەری کەرخ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیاندا کوژراون، هاوکات لەو رووداوەدا چوار ئەندامی دیکەی پۆلیسی فیدراڵی و فەوجی مغاویری پۆلیسی کەرخ بریندار بوون، وەزارەتی ناوخۆ تیمێکی ئەمنی و هەواڵگریی بەپەلەی بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەو رووداوە پێکهێنابوو.
حوسێن عەوادی، بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا گوتی "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، کوژرانی عەمیدێک و ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرخ و برینداربوونی چوار ئەندامی دیکەی پۆلیسی فیدراڵی و فەوجی مغاویری پۆلیسی کەرخ رادەگەیێنین"، ئەو رووداوە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆکان لە ناوچەی دۆرەی بەغدا روویداوە.
حوسێن عەوادی روونیکردەوە، کوژرانی ئەندامانی وەزارەتی ناوخۆ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکەیان بۆ سەروەریی یاسا و پاراستنی گشتی، قوربانیدانە لەپێناو خاکی وڵات و هاووڵاتییاندا.
رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، لەکاتی هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆکان دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی دروستبووە، لەوکاتەدا کەسێک لەسەربان تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کرد و ژمارەیەک پۆلیسی کوشت و بریندار کرد، هاوکات سەعد مەعن، بەرپرسی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدای بەری کەرخ کوژراوە، ژمارەیەک ئەفسەری دیکەی پۆلیسیش بریندار بوون.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی لە بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا کردووە، سەر بە گرووپە چەکدارەکانە، ئاماژەی بەوەش دا، تەقەکەرەکە لەسەر بانەوە تەقەی کردووە.