قەڵایەکی 360 تۆنی بە گوریس راکێشرا
بە بەشداریی 1800 خۆبەخش و بەکارهێنانى چەند گوریسێکی درێژ، قەڵایەکی مێژوویی 360 تۆنی لە ژاپۆن دوای چاککردنەوەی بنکەکەی گەڕێندرایەوە شوێنی بنەڕەتیی خۆی.
قەڵای "هیرۆساکی" دەکەوێتە باکووری ژاپۆن و یەکێکە لە قەڵا دێرینەکانی ئەو وڵاتە. پێشتر بەهۆی زیانەکانی بومەلەرزەوە بنکە بەردینەکەی مەترسیی رووخانی لەسەر بوو، بۆیە قەڵاکە لە جێگەی خۆی گواسترایەوە، بۆ ئەوەی بپارێزرێت و بنکەکەی چاک بکرێتەوە.
دوای چاککردنەوەی، تیمێک لە 1800 کەس پێکەوە بە گوریس قەڵاکەیان هێنایەوە جێگە و شوێنی بنەڕەتیی خۆی.
کێشی قەڵاکە لە 360 تۆن زیاترە و بەتەواوی لە دار و تەختە دروستکراوە.
گەڕاندنەوەی بۆ سەر شوێنی خۆی پێویستی بە هێزێکی زۆر هەبوو، بۆیە تیمێکی تایبەت خۆیان بۆ ئەو کارە دابینکرد و پێکەوە بە گوریس رایانکێشا، تاوەکوو بیخەنەوە جێگە راستەقینەکەی خۆی.
لێپرسراوانی ئەو کارە دەڵێن: "بانگەوازمان بڵاوکردەوە و رامانگەیاند پێویستمان بە 1800 کەس هەیە بۆ راکێشانی قەڵای هیرۆساکی، بەڵام تەنیا لە دوو رۆژدا 8000 کەس ویستی خۆیان بۆ کارەکە دەربڕی. دواتر بە چەند گوریسێکی بەهێزی 30 مەتر درێژ و بە دوو قۆناخ قەڵا مێژووییەکەمان خستەوە جێگەی خۆی".
ئەمە یەکەم جار نییە کارێکی لەم شێوەیە دەکرێت، بەڵکوو پێشتر لە ساڵی 2015 جارێکی دیکە هەمان قەڵای مێژوویی بە گوریس راکێشرا و لە مەترسی رزگار کرابوو.