گرووپێکی هاککەر داتاکانی حکوومەتی بەرلین مەزاد دەکەن
گرووپێکی هاککەر رایانگەیاند، کۆمەڵێک داتای زۆری دەزگا حکوومییەکانی بەرلین دەخەنە زیادکردنی ئاشکراوە، ئەمەش لە وەڵامی رەتکردنەوەی داواکارییەکەیان بۆ پێدانی پارە لەلایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە بووە.
گرووپی ریسیدا کە تایبەتە بە بەرنامەی فدیە، لە پێگەی ئەلیکترۆنیی خۆیدا روونیکردەوە، دەستی بەسەر 5.79 تێرابایت داتادا گرتووە، ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو زانیارییانەی دزراون 46 هەزار و 500 گرێبەست، نامەی ئەلیکترۆنی، ژمارەی تەلەفۆن، وشەی تێپەڕ و زانیاریی دیکەی نهێنی لەخۆ دەگرن.
توێژەران پێیان وایە ئەو گرووپە لە رووسیا یان ئەورووپای رۆژهەڵات چالاکن، گرووپەکە رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 7 رۆژی داهاتوودا داتاکان بە زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشن و نرخی دەستپێکیان 30 بیتکۆینە، کە یەک بیتکۆین بەرامبەرە بە 77 هەزار و 622 دۆلار. هاوکات کاتژمێرێکی هەژمارکردنی پێچەوانەیان لە پێگەکەیاندا داناوە.
ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە بۆ سەر تۆڕی بەرلین، کەمتر لە مانگێک بەر لە هەڵبژاردنی 20ـی ئەیلوول روویداوە، وێستگەی رادیۆیی ئار بی بی بڵاویکردەوە، بەرلین دوای هێرشەکە داوای پارەیان لێکراوە، بەڵام بڕەکەی دیاری نەکراوە.
کای ڤگنەر، سەرۆکی شارەوانیی بەرلین و ئیریس سپرانگەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی کاروباری ناوخۆی بەرلین، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، بەرلین چۆک بۆ هەڕەشە دانادات، ئەو راگەیەندراوە بەر لەوە دەرچوو کە ریسیدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رابگەیێنێت.
ڤگنەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "بەرپرسان نەیانتوانیوە وردەکاریی لەسەر ناوەڕۆک یان قەبارەی داتاکان بخەنەڕوو، چونکە پشکنینی هێرشەکە هێشتا بەردەوامە"، سپرانگەر جەختی کردەوە، ژێرخانی هەڵبژاردنەکانی شارەکە زیانی پێنەگەیشتووە و بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنیش، هیچ زانیارییەکی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان نەکراونەتە ئامانج.
داتاکانی سەکۆی ئیکراین دوت سی ئێچ بۆ توێژینەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەریدەخات، ریسیدا لەوەتەی لە حوزەیرانی 2023 دەرکەوتووە، بەرپرسیارێتیی نزیکەی 280 هێرشی راگەیاندووە، خزمەتگوزاریی رانسم دی بی بۆ شیکاریی بەرنامەکانی فدیە دەریدەخات، نزیکەی نیوەی قوربانییانی ئەو گرووپە لە ئەمریکان، دواتریش بەریتانیا، کەنەدا، ئیتالیا و چەند وڵاتێکی دیکە دێن.
گرووپەکە چەند جارێک دامەزراوە حکوومییەکانی کردووەتە ئامانج، لەوانەش هێرشکردنە سەر کتێبخانەی بەریتانی لە تشرینی یەکەمی 2023، هەروەها بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرش بۆ سەر سوپای چیلی، قوتابخانەکان، دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستی و کۆمپانیاکانی دیکە بە قەبارەی جیاواز راگەیاندووە.