دۆخی خراپی نەخۆشخانەیەکی بەغدا وەزیری تەندروستیی شۆک کرد

وەزیری تەندروستیی عێراق لە سەردانێکی نهێنیدا بۆ نەخۆشخانەی کازمییە لە بەغدا، تووشی سەرسوڕمان بوو لە خراپیی رەوشی نەخۆشخانەکە و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکەی دوورخستەوە.

شەوی رابردوو (هەیینی، 28ـی ئابی 2026)، وەزیری تەندروستیی عێراق بە ئۆتۆمبێلێکی سادە و بە شێوەیەک تاوەکوو نەناسرێتەوە، سەردانی نەخۆشخانەی کازمییەی لە بەغدای پایتەخت کرد و بەشە جیاوازەکانی بەسەرکردەوە.

 وەک خۆی گوتی، بە تەواوی شۆک بووە کاتێک رەوشی ناو نەخۆشخانەکە و ئاستی نزمی خزمەتگوزارییەکانی بینیوە.

لە کاتی سەردانەکەیدا موسەوی سەیری راڕەوی نەخۆشخانەکەی کردووە، هەندێک شوێنی هەڵکەندراو بووە و چاک نەکراوەتەوە، هەروەها ئاوی پیس لە ناوچەی دروستکردنی خواردندا رژابوو. 

نەخۆشەکان و یاوەرەکانیان بەهۆی گەرماوە دەیانناڵاند. یەکێک لەو دیمەنانەی وەزیری تەندروستیی بە تەواوی تووڕە کرد، تێکەڵبوونی شوێنی سۆنەری ژنان و پیاوان بوو.

 

تووڕەیی وەزیری تەندروستی لەو دیمەنانە گەیشتە ئاستێک، دەستبەجێ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەی بانگ کرد و بە شێوەیەکی تەنزئامێز چەپڵەی بۆ لێدا. 

دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەش، بڕیاریدا بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی کازمیە لە کارەکەی دووربخاتەوە.

ئەمە لە کاتێكدایە، سیستمی تەندروستی لە عێراق ماوەیەکی زۆرە بەدەست کەمکوڕییەکی زۆری خزمەتگوزاری، کەمیی دەرمان و خراپیی ژێرخانی نەخۆشخانەکانەوە دەناڵێنێت. 

هاووڵاتییان بەردەوام سکاڵا لە پیسی و نەبوونی ئامێری فێنککەرەوە و کەمتەرخەمیی کارمەندان دەکەن لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا.