هیندستان سیستەمی مووشەکی جافلین لە ئەمریکا دەکڕێت

سوپای هیندستان رایگەیاند، گرێبەستێکیان لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە بۆ کڕینی سیستەمی مووشەکی دژە تانکی جافلین، بەبێ ئەوەی وردەکاریی دارایی و بەهای گرێبەستەکە ئاشکرا بکەن.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هیندستان لە راگەیەندراوێکدا لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' بڵاویکردەوە، سیستەمی مووشەکیی ئاراستەکراوی مامناوەندی جافلین، کە بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیاکانی لۆکهید مارتن و ئارتی ئێکس بەرهەم دەهێندرێت، بۆ هێرشکردنە سەر کۆمەڵێک ئامانج و بەتایبەت زرێپۆشەکان دیزاین کراوە، هێزەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش سوود لەو سیستەمە دەبینن.

سێرگیۆ گۆر، باڵیۆزی ئەمریکا لە هیندستان گوتی "گرێبەستەکە دەرفەتی نوێ لەبەردەم پیشەسازیی بەرگریی هەردوو وڵاتدا دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی هاریکاری"، باڵیۆزی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەوان چاوەڕوانی هاریکاریی داهاتوون کە بەشداری بکات لە پشتیوانیکردنی بنکەی پیشەسازیی بەرگریی هەردوو وڵات.

ئەم گرێبەستە لە چوارچێوەی هاریکاریی بەرگریی گەشەسەندووی نێوان نیودەلهی و واشنتن دایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی رابردوودا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان بەهۆی کێشە بازرگانییەکان و کڕینی نەوتی رووسی لەلایەن هیندستانەوە، گرژیی بەخۆوە بینیبوو.

بەپێی داتاکانی پەیمانگەی ستۆکهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی، هیندستان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین خەرجیی بەرگریی لە جیهاندا هەیە و لە نێوان دیارترین وڵاتانی هاوردەکاری چەکدایە.