مەحموود محەمەد: بەمنزیکانە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند؛ بەمنزیکانە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند؛ پێویستە لە زووترین کاتدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن.

گوتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆبوونەوەی لووتکە" لە نێوان سەرکردایەتی هەردوولا پاش کۆبوونەوەی وەفدی هەردوو حزب ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان، مەحموود محەمەد گوتی: "پێش رووداوەکان ناکەوین، کاتێک کۆبوونەوەکان ئەنجامدران دەتوانین بە روونی قسە لەسەر ئەنجامەکان بکەین." جەختیشی کردەوە، مێزی گفتوگۆ تەنیا شوێنە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە ماونەتەوە.

هەروەها سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ئەو لایەنە سیاسییانە کرد، رۆڵیان هەبووە لە هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی هەیە، گوتیشی: "لایەنەکان بەشێکن لەم پرۆسەیە و ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییان لەسەر شانە."

لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و ماوەی یاسایی پەرلەمان، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند: "ئەگەر گەیشتینە ئەو بڕوایەی رێگەیەک هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەو کاتە پێویست ناکات پێشوەختە بڕیار بدەین کە سێ ساڵ یان چوار ساڵ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت، بەڵکو ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا بڕیاری لێ دەدرێت."