وەزیری سامانە سروشتییەکان: رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێن
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆمپانیاکانی نەوت دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە نزیکەی 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر بەغدا تێچووی پاڵاوتن وەک ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەژمار بکات، دەتوانن بەنزین بە 450 دینار بدەنە هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 باسی لە بەرهەمهێنانی نەوت و کێشەی بەنزین کرد.
بەرهەمهێنانی نەوت
وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و هەموو کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
باسی لەوەش کرد، ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا لە نێوان 220 بۆ 230 هەزار بەرمیلدایە لە رۆژێکدا و بەشێکی بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.
وەزیری سامانە سروشتییەکان روونیکردەوە، سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە، تەنیا کێڵگەی سەرسەنگ نەبێت، کە بەهۆی چەند هێرشێکی درۆنی، زیانی بەرکەوتووە و هێشتا دەستیپێنەکردووە.
کێشەی بەنزین
وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی بەنزین تا رادەیەکی باش چارەسەر کراوە، بەڵام بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی کێشەکە نەمێنێت، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پشکی هەرێمی کوردستان بدات.
گوتیشی: "حکوومەتی فیدراڵی تێچووی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ پاڵاوگەکانی خۆی بە پێنج هەزار و 900 دینار (نزیکەی چوار دۆلار) هەژمار دەکات، بەڵام بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلارە. هەر کاتێک بەغدا ئەو نەوتەی دەیداتە هەرێم بە چوار دۆلار بۆمان هەژمار بکات، ئێمەش بێگومان بەنزین بە 450 دینار دەدەینە هاووڵاتییان".
هاوکات جەختی لەوە کردەوە پێویستە بڕی پاڵاوتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، چونکە لە ئێستادا رۆژانە تەنیا 50 هەزار بەرمیل دەپاڵێورێت، لە کاتێکدا خواستی ناوخۆیی دەگاتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەبارەی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە دا، رۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگە لەگەڵ لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە؛ ئێستاش چاوەڕێی راسپاردەی ئەو لیژنەیەن بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوەکوو بزانرێت چ بڕیارێک لەو بارەیەوە دەدرێت. دووپاتیشی کردەوە، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ هەر بڕیارێک بدات، پێوەی پابەند دەبن.