دڵشاد شەهاب: پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکان و خوێندنی کوردی لە سووریا دەکەین

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خوێندنی کوردی لە سووریا هەنگاوێکی ئەرێنییە و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی مافەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی دەستووردا.

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24ـی راگەیاند، دەستپێشخەریی خوێندنی کوردی لە سووریا هەنگاوێکی ئەرێنییە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، لە دەستپێکی گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەقامگیری و سەرکەوتنی داهاتووی سووریای بە پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان بەستووەتەوە.

دڵشاد شەهاب روونیکردەوە، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق، ئەو هەڵوێستەی بە روونی بە ئەحمەد شەرع راگەیاندووە و لایەنی بەرامبەریش ئامادەیییەکی باشی بۆ دەربڕیوە، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی ورد لەبارەی پرسی زمان کراوە و تێڕوانینی ئەرێنی هەبووە، ئەوەش گۆڕانکاریی گەورەی لە دۆخی سیاسیی سووریا و بەتایبەت پرسی کورددا لێکەوتووەتەوە.

سەبارەت بە گۆڕانی پێگەی کورد لەو وڵاتەدا، دڵشاد شەهاب گوتی "ئێستا کورد لە قۆناخی بێناسنامەییەوە گواستراوەتەوە بۆ قۆناخێک کە باسی مافەکانی نەتەوەیەک لە دەستووردا دەکرێت و ئەم گۆڕانکارییە پێشکەوتنێکی گەورەیە"، هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە هاوکار بووە و لە بەدواداچوونی بۆ مافەکانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بابەتە بەشێک بووە لەو رێککەوتنەی سەرەتای ئەم ساڵ لەنێوان هەردوولادا کراوە، بۆیە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە لەپێناو ئاشتی، پێکەوەژیان و سەقامگیریی سووریا بنرێت.