دەستپاکی عێراق: دەست بەسەر 95 موڵکی جێگری بەڕێوەبەری تاپۆی سەلاحەددیندا گیرا

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی پشکنین بۆ سەر ماڵی ئەفراح شەممەری، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی (تاپۆ) لە پارێزگای سەلاحەددین، دەست بەسەر سەنەد و بەڵگەنامەی 95 موڵکدا گیراوە.

لە راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە: "لە کاتی پشکنینی ماڵی ناوبراو، دەرکەوتووە کە 27 لەو موڵکانە بە شێوەیەکی وەهمی و تەنیا بۆ شاردنەوەی خاوەندارێتییە راستەقینەکەیان، بە ناوی هاوسەرەکەیەوە تۆمار کراون."

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، لە پشکنینەکەدا دەست بەسەر 31 فۆرمی پەنجەمۆرکراوی سپی (بێ زانیاری)، چەندین کۆمپیوتەر، بڕێکی زۆر پارەی کاش و زێڕ گیراوە کە لە ماڵەکەدا حەشار درابوون.

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی دادوەری بڕیاریان داوە بە راگرتنی هاوسەری تۆمەتبارەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدا، تاوەکو رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەم کەیسەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی تەواو دەکرێن.