بەرپرسێکی ئێران: زیاتر لە 1000 جۆر چەک و تەقەمەنی بەرهەمدەهێنین
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەکاریی تەواوی بۆ هەر شەڕێکی پێشبینیکراو کردووە و لە گۆڕەپانی جەنگدا کۆمەڵێک چەکی نوێ ئاشکرا دەکەن.
رەزا تەڵائی نیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە میانەی سەردانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" بەبۆنەی 'هەفتەی حکوومەت' و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، کۆمەڵێک زانیاریی نوێی لەسەر توانای سەربازیی وڵاتەکەی خستەڕوو.
رەزا تەڵائی نیک ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا حکوومەتی مەسعود پزیشکیان رووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر هەستیار بووەتەوە، لەوانەش دوو جەنگ، هەڕەشەی ئەمنی و پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە.
بە گوتەی گوتەبێژەکە، سەرەڕای فراوانیی پانتایی جوگرافیای هێرشەکان و هێزی ئاگری قورسی دوژمن، حکوومەت پشتیوانیی لە هێزە چەکدارەکان کردووە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، بەمەش رێگری لە دوژمن کردووە بگاتە ئامانجەکانی. هەروەها باسی لەوە کرد، جەنگەکانی ئەم دواییە سەرەڕای زیانەکانیان، دەرفەتیشیان بۆ پێشکەوتنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، زانستی، پیشەسازی و بەرگری رەخساندووە.
لە درێژەی قسەکانیدا روونیکردەوە، پیشەسازیی بەرگری پێش جەنگەکە یەدەگێکی ستراتیژیی لە چەک و تەقەمەنی دروستکردبوو، هاوکات لە کاتی جەنگەکەشدا لە رێگەی تۆڕێکەوە پێکهاتوو لە 9300 کۆمپانیای ناوخۆیی، پرۆسەی بەرهەمهێنان بەردەوام بوو. ئەو کۆمپانیایانە پشتیوانی لە دوو لەسەر سێی پیشەسازیی بەرگری دەکەن و بەرهەمهێنانی هەندێک کەلوپەلیش چەند هێندە زیادی کردووە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو لە دوای جەنگی 12 رۆژەوە، بەرهەمهێنانی چەک لە ئێران زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و ئامانجیانە بەرهەمهێنانی هەندێک جۆری چەک چەند هێندە زیاد بکەن.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە ئێران هەنگاو بەرەو پێگەیەکی پێشەنگی جیهانی دەنێت لە بوارەکانی وەک مووشەکی دوورمەودا، کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەناردەکردنی چەکیش بە پشتبەستن بەو زیادەیەی لەبەردەستدایە، بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری باسی لەوەش کرد، ئێران زیاتر لە 1000 جۆر چەک و تەقەمەنی بەرهەمدەهێنێت، رێژەی خۆبژێویی بەرگریش 90%ـی تێپەڕاندووە. پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکە قۆناخی پێچەوانەیی تێپەڕاندووە و لە هەندێک بواردا گەیشتووەتە ئاستی دیزاین و تەکنەلۆژیای تەواو خۆماڵی.
جەختیشی لەوە کردەوە، بە پشتبەستن بە پرەنسیپی شۆککردن، کۆمەڵێک چەک و تاکتیکی نوێ ئامادە کراون لە گۆڕەپانی جەنگدا ئاشکرا دەکرێن.
ئەو بەرپرسە خۆڕاگریی ئێرانی وەک گەورەترین هەنگاوی چاوەڕواننەکراوی جەنگەکە وەسف کرد و گوتی، دوژمن پێشبینی دەکرد لە رۆژانی سەرەتادا تواناکانی سەربازی، بەرگری، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە هەرەس بهێنن، بەڵام پێچەوانەی ئەوە روویدا.
روونیشی کردەوە، بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی دژەدرۆن و سوودوەرگرتن لە وانەکانی دوای جەنگی 12 رۆژە، هۆکار بوون بۆ ئەوەی زیانەکانی وەزارەتی بەرگری لە جەنگی دواتردا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێران لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 رووبەڕووی جەنگێکی 12 رۆژە بووەوە لەگەڵ ئیسرائیل، دواتریش لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی 2026 جەنگێکی دیکەی 40 رۆژە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل روویدا.