پارتی چاکسازی تورکمان پێشوازی لە نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکات

پارتی چاکسازی تورکمان لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی گفتوگۆکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەربڕی و ئەو هەنگاوەی بە ئەرێنی ناو برد.

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە راگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە، گفتوگۆ و هاوکاریی سیاسی رێگەی گونجاون بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و چارەسەرکردنی جیاوازییەکان. بازرگان گوتی: "کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتیان."

پارتی چاکسازی تورکمان وێڕای پشتگیریکردنی هەر هەنگاوێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندیی گشتی بێت، هیوای خواست ئەم لێکنزیکبوونەوەیە ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا تیشکی خستە سەر پرسی مافی پێکهاتەکان و رایگەیاند، پێویستە لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی و حکوومیدا، ماف و دەنگی هەموو پێکهاتەکانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یاسایی بپارێزرێت و بەشداریکردنی راستەقینەیان لە دامەزراوەکانی دەسەڵات و بڕیاردان مسۆگەر بکرێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کراوە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی هەڵبگرن و بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە، لە پێناو دابینکردنی پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان.