دەم پارتی گردبوونەوەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی ساز دەکات

دەم پارتی یەکەم گردبوونەوەی جەماوەریی گەورە سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و یاسای چەکدانانی پەکەکە لە باکووری کوردستان ساز دەکات. 

میدیاکانی نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، لە شارۆچکەی روحای باکووری کوردستان، بە سەرپەرشتیی تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتەکە و بەشداریی ئەندامانی بارۆی شارەکە، گردبوونەوەیەکی جەماوەری سەبارەت بە میکانیزمی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەدەچێت.

لە گردبوونەوەکەدا، تونجەر باکرهان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و جێبەجێکردنی یاسای چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زانیاری دەداتە هاووڵاتییان. 

ئەمە دەبێتە یەکەمین کۆبوونەوەی جەماوەریی دەم پارتی بۆ قسەکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی.

ئەمە لە کاتێکدایە، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە دوایین راگەیەنراویدا، ئەو نامە و نووسراوانەی رەتکردەوە کە بە ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و وەک ناوەڕۆکی دیداری شاندی ئیمرالی لەگەڵیدا لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە بڵاوکرابوونەوە. شاندەکە رایگەیاند پرۆسەکە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناخێکی هەستیار، لەبەر ئەوەش هەندێک لایەنی خێرنەخواز هەوڵی تێکدانی دەدەن.

پێشتریش پەکەکە هۆشداریی لەسەر هەوڵە ناوخۆییەکان بۆ تێکدانی پرۆسەکە دابوو، هاوکات داوای کردبوو سەرجەم لایەنەکان بە پشتیوانیکردنی پرۆسەکە، رێگری لەو هەوڵانە بکەن.