دۆسیەی کوژرانی خامنەیی رەوانەی دادگا کرا
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران پەڕاوی تۆمەتبارکردنی بۆ دۆسیەی کوژرانی عەلی خامنەیی و چوار ئەندامی خێزانەکەی دەرکرد و بەمەبەستی بڕیاردان رەوانەی دادگای کرد، هاوکات دۆسیەی کوژرانی قوتابییانی قوتابخانەی میناب رەوانەی دادگا کرا.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە دۆسیەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵات و چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، پەڕاوی تۆمەتبارکردن ئامادە کراوە و بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی دراوەتە دادگا.
عەلی ساڵحی، دادوەری گشتیی تاران رایگەیاند، سەرجەم ئەو کەسانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشدارییان لەم رووداوەدا کردووە، خراونەتە ژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەی دادوەری. یەکێک لە گەورەترین تۆمەتەکانیش بەشداریکردنە لەم هێرشە بۆ سەر رێبەری پێشووی ئێران و بنەماڵەکەی.
لە پەڕاوی تۆمەتبارکردنەکەدا روون کراوەتەوە، ئامانج لەم هێرشە بۆ سەر باڵاترین بەرپرسی سیاسیی ئێران، لێدان بووە لە سیستمی بەڕێوەبردن و سیاسەتەکانی وڵات. ئەمەش لە رووی یاسای سزادان و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانەوە بەرپرسیارێتیی سزایی بۆ داڕێژەران و جێبەجێکارانی هێرشەکە دروست دەکات.
هەروەها باس لەوە کراوە، دۆسیەکە کوژرانی کچ، بووک، زاوا و نەوەیەکی رێبەری پێشووی ئێرانیش لەخۆدەگرێت. لە هەڵسەنگاندنی یاساییدا کوژرانی ژنان و منداڵان تەنیا وەک زیانی گیانی سەیر ناکرێت، بەڵکوو بەشێکی راستەوخۆی کردەوەکەیە.
دەسەڵاتی دادوەری جەختی لەوەش کردووەتەوە بێجگە لە یاسا ناوخۆییەکان، پشتیان بە بنەما نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل بەستووە. بۆیە ئەم دۆسیەیە وەک بەڵگەیەکی یاسایی لە ئاستی نێودەوڵەتی بەرانبەر فەرماندەران و بکەرانی تاوانەکە بەکاردەهێندرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دادوەری گشتیی تاران باسی لە دەرکردنی پەڕاوی تۆمەتبارکردن بۆ دۆسیەیەکی دیکە کرد تایبەت بە کوژرانی قوتابییانی قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبە" لە شاری میناب.
پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و پشکنینی بەڵگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەم دۆسیەیەش رەوانەی دادگا کرا و سەرجەم تۆمەتبارانیش رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
لە کۆتایی شوباتی ئەمساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە یەکەم رۆژی جەنگەکە؛ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی ئێران لەگەڵ چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی (کچ، بووک، زاوا و نەوەیەکی 14 مانگانەی) کوژران.
هەمان رۆژ، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبە" لە شاری مینابی سەر بە پارێزگای هورمزگان، لە ئەنجامدا زیاتر لە 150 کەس کوژران و بەشێکی زۆریان قوتابی و مامۆستا بوون.
بەرپرسانی ئێرانی و چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی ئەم هێرشانەیان وەک تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناساند.