وەزیری گەیاندنی عێراق: گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی قەیرانی نیشتەجێبوونە لە وڵات
وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، قەیرانی نیشتەجێبوون لە وڵاتەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، کەڵەکەبوونی موڵک و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی خانووبەرە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە هەیە.گوتیشی: تەنیا دوو کەس خاوەنی زیاتر لە 300 خانووبەرە، باخ و زەوین.
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە پەرەی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لە سەڵاحەددین خاوەنی 95 خانووبەرەیە، هاوکات عەدنان جومەیلی، تۆمەتباری دەستبەسەرکراو، خاوەنی 210 خانووبەرە و باخە، ئەو وەزیرە جەختیکردەوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەم ژمارە زۆرەی موڵک لەلایەن تەنیا دوو کەسەوە، نیشانەی ئاستێکی بەرزی کەڵەکەبوونی سامانی نایاساییە و هیچ پەیوەندییەکی بە داهاتی شەرعییەوە نییە.
مستەفا سەنەد روونیکردەوە، نزیکەی 46 ملیۆن هاووڵاتی رکابەری لەسەر 8 ملیۆن خانووی سەرانسەری وڵات دەکەن، ئەمەش قەیرانی نیشتەجێبوونی لێکەوتووەتەوە، ئەو رەوشە لە کاتێکدایە سامانی نایاسایی لە خانووبەرە، زێڕ و دراوی کاش کە بە ماڵی گشتی دادەنرێن، لەلایەن چەند کەسێکەوە کۆکراوەتەوە.
وەزیری گەیاندن پێی وایە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەشێک لە ئاستەنگە ئابوورییەکان چارەسەر دەکات، هەروەها تێگەیشتن لە بنەماکانی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی هاوسەنگیی خواست و خستنەڕوو، بەشەکەی دیکەی کێشەکە چارەسەر دەکات.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، لە ناوەڕاستی مانگی ئاب رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بڕی 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200 ملیۆن دیناری عێراقی دەستیان بەسەردا گیراوە. هەروەها 60 کیلۆگرام زێڕ و 7 ئۆتۆمبێل لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، دەستیان بەسەردا گیراوە.
هاوکات ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە زاری دادوەری تایبەتمەندەوە بڵاویکردەوە، رێکارەکانی بەدواداچوون بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو سامانەی لە ئەنجامی بەفیڕۆدانی پڕۆژەکان لەلایەن تۆمەتباران و لایەنە تێوەگلاوەکانەوە دروستبووە، بووەتە هۆی دۆزینەوەی ئەو بڕە پارە و زێڕ و ئۆتۆمبێلانە، دادوەرەکە جەختیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوانی دیکە دەکرێت تا ئەو کاتەی رێکارە یاساییەکان تەواو دەبن.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی ماوەی نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە و گەیشتووەتە ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا، لەوانەش ناوچەی سەوز، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەستگیر کراون. لەو ئۆپەراسیۆنەدا ملیاران دینار و ملیۆنان دۆلار و زێڕ لە ماڵ و کێڵگەی بەرپرسان و سیاسەتمەداراندا دۆزراوەتەوە، لە کاتێکدا دادگا و دەستەی دەستپاکی بەردەوامیی هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکارانیان راگەیاندووە کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانەوە دەستی پێکردووە.
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، هاوسەری یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی سەڵاحەددینیان دەستگیرکردووە کە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و شاردنەوەی خاوەندارێتی دەیان موڵک دەستبەسەر کراوە.
دەستەکە روونیکردەوە، تیمێکیان فەرمانێکی دادوەرییان جێبەجێکردووە بۆ دەستگیرکردنی هاوسەری ئەو بەرپرسە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تێوەگلانیان بە گەندەڵی دارایی. دوای پشکنینی ماڵەکەیان لە تکریت، هاوسەری بەرپرسەکە دانی بەوەداناوە نزیکەی 27 خانووبەرە بە ناوی ئەوەوە تۆمار کراون، بەڵام خاوەنی راستەقینەیان هاوسەرەکەیەتی.