وەزیری جەنگی ئەمریکا: چاوم لە کورسییەکەی ترەمپ نییە
وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 خۆی کاندید بکات.
تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی نیوز"ـی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردبووەوە، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا خواستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 خۆی کاندید بکات.
لە کاردانەوەی ئەم هەواڵەدا، هێگسێت راپۆرتەکەی ئەو تۆڕە هەواڵییەی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "100% درۆیە، ئێمە بەم کەناڵەمان گوت هەواڵەکە راست نییە، بەڵام ئەوان بە ناوی سەرچاوەی نادیارەوە بڵاویانکردەوە".
وەزیری جەنگی ئەمریکا دووپاتیشی کردەوە، ئێستا تەنیا ئەرکی ئەو ئەوەیە جارێکی دیکە وەزارەتی جەنگ مەزن بکاتەوە و هیچ پلانێکی بۆ خۆکاندیدکردن نییە.
پێت هێگسێت یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو کابینەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ و وەک وەزیری جەنگی ئەمریکا دەستنیشان کراوە. پێشتر پێشکەشکار بووە لە کەناڵی "فۆکس نیوز" و سەربازی دێرینی سوپای ئەمریکایە.