سەرۆک بارزانی و کونسوڵی ئەڵمانیا جەختیان لە هەبوونی هەماهەنگی بەهێز لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد؛ لە دیدارەکەدا جەخت لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکە و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە.

بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ شەممە 29ـی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کریستیەن ئۆلف کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد.

لە راگەیەندراوکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ئاماژەی بە پێگە و بایەخی تایبەتی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دا و جەختی لە ویستی وڵاتەکەی بۆ بوونی هەماهەنگیی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەر لەو دیدارەدا باس لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق کرا و رۆشنایی خرایە سەر هەڕەشە و مەترسیەکانی تیرۆر و بارودۆخی عێراق لە قۆناخی داهاتوو.

بارەگای بارزانی دەشڵێت: پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.