ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارەی دەستگیر کرد کە گێچەڵی سێکسیی بە ئافرەتێک کردبوو
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند کە لە گەڕەکێکی شاری هەولێر گێچەڵی سێکسی بە ئافرەتێک کردبوو، و جەختی کردەوە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر.
شەممە 29ی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی گرتەڤیدیۆیی ئافرەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە، کە لەلایەن کەسێکی ماتۆڕسوارەوە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، گێچەڵی سێکسیی بەرامبەر کرابوو؛ لەسەر ئەم رووداوە، لەلایەن تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکمانەوە دەست بە بەدواداچوون کرا و ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا کرا، بە ناوی (ع. م. أ).
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە دراوە، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری ناوبراو لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر باسی لەوەش کردووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و زانیاریی زیاتر بڵاو دەکەینەوە.