سەیدولشوهەدا پرسی چەکدانان بە جێبەجێکردنی چەند مەرجێکەوە دەبەستێتەوە

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و چەکدارانی پەکەکە لە خاکی عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت، تەنیا لە ژێر سایەی جێبەجێکردنی ئەم مەرجانەدا پرسی چەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا تاوتوێ دەکەن.

شەممە، 29ـی ئابی 2026، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە سەر بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقە، لە راگەیەنراوێکدا، هەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر دۆسیەی چەکدانان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، چەک لە بنەڕەتدا هۆکارێک بووە بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان، ئایین و مەزهەب، هەروەها هەڵگرتنی چەک بڕیارێکی سەرکێشانە نەبووە، بەڵکو پێویستییەکی واقیعی بووە کە بەهۆی هەڕەشەکانەوە سەپێنراوە. 

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتی نەهێشتنی هۆکاری سەرەکیی هەڕەشەکان، پێویستی بە مانەوەی چەک نامێنێت، بەڵام لە کاتی پێویستدا دەکرێت بگەڕێندرێتەوە.

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاندووە، کە ئامادەیی ئەوان بۆ هاوکاری لە پرسی رێکخستنەوەی چەکدا، بەندە بە جێبەجێکردنی چەند مەرجێکی سەرەکی لە لایەن دەوڵەتەوە، کە بریتین لە:

یەکەم: کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کۆتاییهێنان بە بوونیان لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، هەروەها رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ.

دووەم: پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی بە شێوازێک کە مافی چەکدار، کوژراو و بریندارەکانیان بپارێزێت، پارێزگاری لە شکۆیان بکات و چوارچێوەی کارەکانیان رێکبخات.

سێیەم: بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک.

چوارەم: دەرکردنی یەکجاری و کۆتایی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە خاکی عێراق.

پێنجەم: هەوڵدان بۆ رزگارکردنی بڕیاری دارایی و ئابووریی عێراق لە ژێر هەژموونی ئەمریکا، بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی ئابووری.

شەشەم: کارکردن بۆ رزگارکردنی بڕیاری سیاسیی عێراق لە دەستوەردانی ئەمریکا، هەروەها کۆتاییهێنان بە ئەرکی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا و رێگریکردن لە دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی وڵاتدا.