سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەڵەستین کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ماهر کرکی، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر کرد و جەختی لەسەر رەوایەتیی دۆزی هەردوو گەلی کوردستان و فەڵەستین و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوانیان کردەوە.

بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ شەممە 29ـی ئابی 2026 لە پیرمام بارزانی پێشوازی لە ماهر کرکی کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی فەڵەستین کە بەبۆنەی کۆتاییهاتن بە ئەرکەکانی و بۆ ماڵئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانیی کردبوو، سڵاوی تایبەتی مەحموود عەباس سەرۆکی فەڵەستینی بە سەرۆک بارزانی گەیاند، هەروەها پیرۆزباییشی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ وەرگرتنی نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکان و رۆڵی سەرۆک بارزانی لە رەگداکوتانی فەرهەنگی تەبایی و پێکەوەژیان بەرز نرخاند.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆیشی ئاراستەی گەلی کوردستان کرد کە هەردەم هاوسۆزی ئازار و نەهامەتیەکانی گەلی فەڵەستین بوونە. هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کرد لە ئاسانکاری و یارمەتیدانی جالیەی فەڵەستینی و بەخشینی زەماڵە و رەخساندنی خوێندن بۆ قوتابییانی فەڵەستینی.

بارەگای بارزانی باسی لەوەش کردووە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی مەحموود عەباس سەرۆکی فەڵەستین کرد، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڵەستین، جەختی لە رەوایەتیی دۆزی هەردوو گەل و ماف و داوکارییەکانیان کردەوە. سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز دکتۆر ماهر کرکی خواست لە ئەرک و کارەکانی.