مستەفا سەنەد: کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرتی گەیاندن لە نێوان بەغدا و هەولێر سادەن

وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، کار بۆ خستنەگەڕی هاوکاتی خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت (5G) لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، هاوکات ئاشکرای کرد، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە کەرتی گەیاندندا سادەن و بەمزووانە بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە هەولێر.

شەممە، 29ـی ئابی 2026، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکەی (واع) سەبارەت بە خزمەتگوزاریی (5G)، روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان خستنەگەڕی ئەو تەکنۆلۆژیایە هەنگاوی پێشوەختەی لە حکوومەتی فیدراڵ ناوە، هەربۆیە ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەن کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر بە شێوەیەکی هاوکات و لە یەک کاتدا ئەو خزمەتگوزارییە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان رابگەیەندرێت.

وەزیری گەیاندنی عێراق ئاماژەی بە چەند پرسێکی تەکنیکیی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەردوولادا کرد، لەوانە پڕۆژەی راکێشانی کێبڵی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی کە لە بەسرەوە بەرەو ئەوروپا دەڕوات و بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە پێویستی بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە هەیە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

مستەفا سەنەد جەختی لەوە کردەوە، پێویستە عێراق بە یەکگرتوویی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە کەرتی گەیاندندا دەربکەوێت و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی وەزارەتی گەیاندنی فیدراڵییەوە ئەنجام بدرێن.

هەروەها ئاشکرای کرد، هەر لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونییەوە و لە رێگەی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بانگهێشتنامەیەکی نووسراوی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێگەیشتووە بۆ سەردانیکردنی هەولێر؛ هەنگاوێک کە لە سەردانی هەفتەی رابردووی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمیشدا دووپاتکرایەوە، و جەختی کردەوە کە بە تەواوی ئامادەن بەمزووانە سەردانی هەولێر بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە هاوبەشەکان.