پیسکۆڤ: سەرکردەکانی ئەوروپا وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ رووسیا دەکەن
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، هیچ ئاسۆیەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و یەکێتیی ئەوروپا لە ئارادا نییە و سەرکردەکانی ئەوروپا وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ وڵاتەکەی دەکەن، هاوکات سەرۆکی رووسیا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی پێشنیازی هاوکاریی تەکنۆلۆژی و داهێنانی لە 30 دەوڵەتەوە پێگەیشتووە، لەوانە لە ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
شەممە، 29ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بڵاویکردەوە، لێدوان و هەڵوێستی بەرپرسانی ئەوروپا دەریخستووە کە رووسیا وەک نەیار و تەنانەت دوژمنێکی راستەوخۆ سەیر دەکەن.
پێسکۆڤ روونیکردەوە، سەرکردەکانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا لە وتار و لە کرداردا سیاسەتێکی دوژمنکارانەیان بەرامبەر مۆسکۆ گرتووەتەبەر و گوتی: ئەوان توانستە سەربازییەکانی ئەوروپا کۆدەکەنەوە و ئاراستەی وڵاتەکەمان دەکەن، هاوکات بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە دژمان بەشدارن.
لەلایەکی دیکەوە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی بیرۆکە بەهێزەکان بۆ سەردەمێکی نوێ لە شاری نیژنی نۆڤگۆرۆد، جەختی کردەوە، رووسیا بە بەهێزی ماوەتەوە و لە داهاتووشدا بە بەهێزی دەمێنێتەوە، و رووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبێتەوە لە رێگەی پتەوکردنی سەروەریی دەوڵەت و گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە پێناو باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییاندا.
سەرۆکی رووسیا ئاشکرای کرد کە ئاژانسی دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکان (ASI) پرۆژە و پێشنیازی داهێنەرانەی لە سەرجەم ناوچەکانی رووسیا و لە نزیکەی 30 وڵاتی بیانییەوە پێگەیشتووە کە لە نێویاندا وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن.
پووتین جەختی کردەوە، ئەم پرۆژانە هەلی گەورە لەبەردەم پیشەسازیی رووسیادا دەکەنەوە و ئاسۆی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان فراوانتر دەکەن.