زەیدی: ئەو كەسانە پاداشت دەکرێن كە زانیاری لەسەر گەندەڵی دەدەن
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەردانێکیدا بۆ بارەگای سەرەکیی دەستەی دەستپاکی، ڕێنمایی دا بە کاراکردنی یاسای خەڵاتکردنی ئەو کەسانەی زانیاری لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی دەدەن، هاوکات داوای کرد راپۆرتی مانگانە و وەرزی لەسەر رەوتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاستی دەستکەوتەکان پێشکەش بکرێت.
شەممە، 29ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی بارەگای دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کرد و لەگەڵ سەرۆکی دەستەکە و ستافی باڵای کۆبووەوە. تێیدا لە نزیکەوە ئاگاداری میکانیزمەکانی کارکردن و هەوڵەکانی دەستەکە بووە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی دارایی گشتیدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، زەیدی جەختی لەوە کردەوە، جەنگی دژ بە گەندەڵی جەنگێکی گەورەیە و دەستەی دەستپاکی هێڵی پێشەوەی بەرگرییە لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێت رۆڵی دەستەکە تەنیا لە چاودێریکردنی دوای ڕووداوەکاندا کورت ببێتەوە، بەڵکو پێویستە ڕۆڵێکی ڕێگرییکارانەشی هەبێت بە ئاراستەی بنبڕکردنی یەکجاریی سیستەمی گەندەڵی، هاوکات جەختی لە پێویستیی بەدواداچوونی پڕۆژەکانی پارێزگاکان کردەوە هاوشێوەی پڕۆژەکانی وەزارەتەکان.
هاوکات رێنمایی دا بە چاودێریکردنی پڕۆژەکان بە پێی سێ ئاست کە لەگەڵ قەبارە و تێچووەکانیاندا بگونجێت؛ بە جۆرێک لە پڕۆژە گرانبەهاکانەوە دەست پێبکات، پاشان پڕۆژە مامناوەندەکان و لە کۆتاییدا پڕۆژە بچووکەکان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کاریگەریی هەوڵە چاودێرییەکان.
رێنماییەکانی زەیدی چەند تەوەرێکی دیکەشی گرتەوە، لەوانە: کاراکردنی یاسای خەڵاتکردنی ئاشکراکەرانی گەندەڵی، توندکردنەوەی چاودێریی دەروازە سنوورییەکان، ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و پێشکەشکردنی راپۆرتی مانگانە و وەرزی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دژایەتیکردنی گەندەڵی و ئاستی دەستکەوتەکان.
لە لایەن خۆیەوە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی سەرۆکوەزیران دەربڕی و رایگەیاند، تیمە مەیدانییەکانیان بۆ پێداچوونەوەی گرێبەستەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، پێداچوونەوەی گرێبەستەکانی هەشت وەزارەتیان تەواو کردووە و کارەکانیان بۆ تەواوکردنی وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەش بەردەوامە.
سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ستراتیژی نیشتمانیی دەستپاکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان داڕشتووە کە تا ساڵی 2030 درێژدەبێتەوە و، تەواوی ئامادەیی دەستەکەی بۆ بەردەوامبوون لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دووپات کردەوە.