راپۆرتێک هۆکاری سەردانە نهێنییەکەی بەڕێوەبەری CIA بۆ مۆسکۆ ئاشکرا دەکات
واشنتن پۆست: رووسیا پێیوایە ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە لاوازبووە
سەردانە کتوپڕ و نهێنییەکەی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بۆ مۆسکۆ لەم هەفتەیەدا، پەردەی لەسەر نیگەرانییەکی قووڵی هەواڵگریی واشنتن لادا؛ بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ئەو گەشتە دوای گەیشتنی زانیارییەکی هەواڵگریی نهێنیی بەپەلە ئەنجامدراوە کە دەریدەخات کۆشکی کرێملن پێیوایە ئەمریکا بەهۆی جەنگی شەش مانگەی دژ بە ئێرانەوە لە رووی سەربازی و کەرەستەوە تەواو ماندوو و لاواز بووە، و ئەم دۆخەش دەرفەتێکی زێڕین بۆ رووسیا دەڕەخسێنێت تا لە گۆڕەپانی ئەوروپا و دژ بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن هێرشەکانی پەرەپێبدات.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ رۆژنامەکە، راتکلیف رۆژی سێشەممە بە فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە جۆری (C-17A) گەیشتووەتە مۆسکۆ و بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر و نیو ماوەتەوە. لەو سەردانەدا کە یەکەمین گەشتی بەڕێوەبەری CIAیە بۆ رووسیا لە دوای ساڵی 2021ـەوە، راتکلیف لەگەڵ سێرگی ناریشکین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا (SVR) کۆبووەتەوە؛ هەرچەندە دیدار لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین ئەنجام نەدراوە، بەڵام پەیامی هۆشداریی واشنتن بە روونی گەیەندراوە کە هەر هەوڵێکی مۆسکۆ بۆ فراوانکردنی جەنگی ئۆکرانیا یان تاقیکردنەوەی ئیرادەی ناتۆ، بە زیانی رووسیا دەشکێتەوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناچار دەکات بە تەواوی پشتیوانی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بکات.
ئەو راپۆرتە هەواڵگرییە نهێنییەی جووڵەی بە بەڕێوەبەری CIA کرد، پەیوەستە بەو زیان و کەمبوونەوە گەورەیەی کە لە ماوەی 180 رۆژی جەنگی ئێراندا بەر کۆگاکانی چەکی ئەمریکا کەوتووە. بەپێی داتاکان، جبەخانەی چەکی ستراتیژیی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو خاڵی بووەتەوە؛ لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت، مووشەکی کروزی پێشکەوتووی تۆماهۆک، و مووشەکی تاکتیکیی سوپا (ATACMS) کە کیێڤیش بە بەردەوامی داوای دەکات.
لەوەش مەترسیدارتر، واشنتن پۆست ئاشکرای کردووە، سوپای ئەمریکا نزیکەی یەک لەسەر چواری تەواوی کەشتیگەلی درۆنە پێشکەوتووەکانی لە جۆری (MQ-9 Reaper) لە جەنگی ئێراندا لەدەستداوە، کە نرخی هەر یەکێکیان لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن دۆلاردایە.
ئەم کورتهێنانە سەربازییە تەنیا لە ئەوروپا مەترسی دروست نەکردووە، بەڵکو هاوپەیمانانی واشنتنی لە ئاسیاش نیگەران کردووە سەبارەت بە توانای ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە هەژموونی چین، سەرەڕای ئەوەی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا بە ئاشکرا هەوڵی شاردنەوەی ئەو کورتهێنانە دەدات لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە کارگە سەربازییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی بەپەلە بۆ بەرهەمهێنانی چەک.
لە بەرەی ئۆکرانیاشدا، لە کاتێکدا جەنگی وشکانی گەیشتووەتە بنبەست، مۆسکۆ سوودی لە کەمیی مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی ئاسمانیی کیێڤ وەرگرتووە و بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ئەو وڵاتە دەکات، هاوکات ئەوروپا رووبەڕووی شەپۆلێکی جەنگی تێکەڵاو بووەتەوە، لەوانە هەوڵی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ لە ئەڵمانیا لە رێگەی درۆنەوە. ئەم پێشهاتانە هۆشدارییەکی توندی لای وڵاتانی باڵتیک و رۆژهەڵاتی ناتۆ دروستکردووە کە پێیانوایە پووتین بەهۆی سەرقاڵبوونی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵی تاقیکردنەوەی هێڵی سووری وڵاتانی هاوپەیمانییەکە دەدات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار پوختەی ئامانجی سەردانەکەی راتکلیفی بۆ واشنتن پۆست روونکردەوە و گوتی: ئەم گەشتە لەبەر ئەوە نەبوو کە پووتین لە گۆشەیەکدا گیری خواردبێت، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو رووسیا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردووە کە ئەمریکا سەرچاوە سەربازییەکانی تەواو بووە و توانای دەستوەردانی نەماوە؛ هەربۆیە پەیامی واشنتن ئەوە بوو کە باجی ئەو هەڵە لێکدانەوەیە بۆ مۆسکۆ زۆر قورس دەبێت.