بەرگریی شارستانیی هەولێر: سووتاندنی پووش و پاوان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی پاییز و بەهێزبوونی با، هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان کە بەهۆی زۆریی رووبەری پووش و پاوان لەچاو ساڵانی رابردوودا، ئەگەری تەشەنەکردنی ئاگر زیاترە، بۆ ئەم مەبەستەش زنجیرەیەک ڕێنمایی و رێکاری پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە.
شەممە، 29ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، راگەیەنراوێکی هۆشیاریی ئاراستەی هاووڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان کرد، تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە وەرزی داهاتوودا، بەهۆی بەهێزبوونی با و زۆریی رووبەری پووش، پاوان و گیا وشکبووەکان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، مەترسیی تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگر لە ئارادایە.
بەرگریی شارستانی داوا دەکات بۆ پاراستنی سەروماڵ و دوورکەوتنەوە لە رووداوی نەخوازراو، رێکاری پێویست لە پڕۆژەکان، بەنزینخانەکان، عەمبارەکانی سووتەمەنی، پاڵاوگەکان، کۆگاکان، کارگەکان و کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بگیرێتەبەر.
رێنمایی و رێکارە سەرەکەییەکانی بەرگریی شارستانی بۆ ئەم مەبەستە بەم شێوازەی خوارەوە پۆلێن کراون:
یەکەم: ڕێکارەکانی پاراستنی دەوروبەری پڕۆژە و شوێنەکان
دروستکردنی هێڵی بەربەست: پێویستە دەوروبەری کۆگا، کارگە یان کێڵگەکان بە پانی لایەنیکەم (10 تا 15 مەتر) لە پووش، گیا و پاوان پاک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە پەڕینەوەی ئاگر بۆ ناو پڕۆژەکان بکرێت.
دوورخستنەوەی پاشماوەکان: پێویستە سەرجەم کۆنە کەلوپەل، کارتۆن، تەختە، پاشماوەی رۆن و هەر ماددەیەکی دیکەی زوو گڕگرتوو لە حەوشە، پەنای دیوارەکان و دەوروبەری شوێنەکان دوور بخرێنەوە.
قەدەخەکردنی سووتاندنی ناڕێکخراو: بە هەموو شێوەیەک سووتاندنی پووش و پاوان دەوروبەری پڕۆژەکان بە مەبەستی پاککردنەوە قەدەخەیە، چونکە بەهۆی باوە بە خێرایی کۆنترۆڵ لەدەست دەدرێت و تەشەنە دەکات.
دووەم: سیستەمی پاراستن و ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە
تەنکەر و سۆندەی ئاو: دابینکردنی سۆندەی ئاوی درێژ بە پەستانی بەرز، یان ئامادەکردنی تەنکەری ئاو و ئۆتۆمبێلی تایبەت لە ناو شوێنەکەدا بۆ کاتی فریاگوزاری.
بەتانی و ئامێری ئاگرکوژێنەوەی دەستی: دابینکردنی ئامێری ئاگرکوژێنەوەی گونجاو لە شوێنە هەستیارەکاندا، لەگەڵ دڵنیابوونەوە لە بەسەرنەچوونی ماوەی بەکارهێنانیان.
سیستەمی ئاگادارکردنەوە: بەگەڕخستنی سیستەمی هەستیاری ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ و گەرمی لە ناو کۆگا، هۆڵ و کارگەکاندا.
سێیەم: پاراستنی تۆڕەکانی پێداویستی و کارەبا
پشکنینی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە: پێویستە بەردەوام دڵنیایی بدرێت لە کارکردنی سیستەمەکە لە گشت بەشەکاندا و پڕبوونی تانکییەکانی ئاو.
پشکنینی تۆڕی کارەبا: چاککردنەوە و داپۆشینی سەرجەم وایەرە رووتەکان و بەکارنەهێنانی بەستەری ناستاندارد لە کێڵگە، پڕۆژە و کارگەکاندا.
پاککردنەوەی دەوروبەری سەرچاوەکانی کارەبا: پاککردنەوەی بنکە و ژێر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا، محاویلەکان و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی شۆرتی کارەبایان لێدەکرێت.
پاراستنی شوێنی موەلیدە و سووتەمەنی: دانانی تانکییەکانی سووتەمەنی و موەلیدەی کارەبا لە شوێنێکی چۆڵ و دوور لە پۆش و پاوان، بە بێ بوونی هیچ ئاوێتەیەکی زوو گڕگرتوو لە دەوروبەریدا.
چوارەم: رێکارەکانی کاتی فریاگوزاری
-لە کاتی هەستکردن بە هەر دووکەڵ یان ئاگرێک، یەکەم پێویستی و هەنگاو بریتییە لە پەیوەندیکردنی راستەوخۆ بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانی لە ڕێگەی ژمارە 115، پێش ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە بکات.
-ئەنجامدانی راهێنانی بەردەوام بۆ کارمەند و کرێکارانی پڕۆژەکان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە، رێگاکانی دەربازبوون و چۆڵکردنی شوێنەکە لە کاتی باری فریاگوزاریدا.