حەیدەر عەبوودی: زیاتر لە ترلیۆنێک و 359 ملیار دینارمان گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، توانراوە بڕی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 359 ملیار دینار لە پارە، سامان و موڵکی بەتاڵانبراو بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە، هاوکات تۆمارکردنی زیاتر لە 26 هەزار ڕاپۆرتی گەندەڵیی لە دەستەی دەستپاکی ڕاگەیاند.

شەممە، 29ـی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند، هەڵمەتی حکوومەت بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بەردەوامە و لە میانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەهای ئەو پارە و موڵکانەی کە گەڕێندراونەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ترلیۆن و 359 ملیار دینار.

حەیدەر عەبوودی ئاشکراشی کرد، ژمارەی ئەو راپۆرت و سکاڵایانەی گەندەڵی کە گەیشتوونەتە دەستەی دەستپاکی 26 هەزار سکاڵای تێپەڕاندووە، ئەمەش نیشانەی ئاستی بەرفراوانی پرۆسەکەیە.

گوتەبێژی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە، دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیراندایە و دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیش گەورەترین پشتیوان و گەرەنتییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم هەڵمەتە.

ئاماژەی بەوە کرد، گەندەڵی پێکهاتەیەکی قووڵی کارگێڕی، دارایی و دەسەڵاتە کە سامانی گشتی بەهەدەر دەدات و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە پەکدەخات، بەڵام حکوومەت بە هیچ شێوەیەک هەڵمەتەکەی راناگرێت و بەردەوام دەبێت لە داخستنی سەرجەم ئەو کەلەبەرانەی کە گەندەڵییان لێوە دەکرێت.

عەبوودی روونیکردەوە، سەرۆکوەزیران بڕیاری داوە بە وردبینیکردنی پێشوەختە لە سەرجەم گرێبەستە حکوومییەکان، هاوکات پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان رێگەیەکی سەرەکییە بۆ بڕینی دەستی بەرپرسان و کەمکردنەوەی پەیوەندیی راستەوخۆی هاووڵاتییان لەگەڵ فەرمانبەران، تاوەکو رێگری لە بەرتیلوەرگرتن و سەرانەسەندن بکرێت.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق سەرنجی خستە سەر هاندانی هاووڵاتییان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و رایگەیاند، بەپێی یاسای پاداشتی زانیاریدەران، هەر کەسێک زانیاری و بەڵگە لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، پاداشتێکی دارایی بە بڕی 5% لە کۆی بەهای ئەو پارە و سامانەی کە بەهۆی زانیارییەکانیەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ دەوڵەت، پێدەبەخشرێت.