مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مەهدی زانا و لەیلا زانا دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سیاسەتمەداری دیاری کورد، مەهدی زانا کرد و هاوخەمیی خۆی بە تایبەتی ئاراستەی لەیلا زانا کرد، هاوکات رۆڵی خەباتگێڕانەی ناوبراوی لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورددا بەرز نرخاند.

شەممە 29ی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سیاسەتمەداری دیاری کورد مەهدی زانا دەکەم؛ رێز و حورمەتم هەیە بۆ بنەماڵە بەڕێزەکەیان، بە تایبەتی بۆ خوشکی هێژا لەیلا زانا.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: مەهدی زانا یەکێک بوو لە خەباتکارە دیارەکانی کورد، کە تەمەنێکی درێژی لە پێناو خەبات و تێکۆشانی گەلی کورددا بەسەربرد؛ رووحی شاد و جێگەی بەهەشت بێت.

 
 
 
 
 

مەهدی زانا لە ساڵی 1940 لە شارۆچکەی فارقین سیلڤان سەر بە پارێزگای دیاربەکر (ئامەد) لە باکووری کوردستان لەدایکبووە و  ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد؛ لە سەرەتای لاوییدا و لە ساڵانی شەستەکانەوە تێکەڵی کاری سیاسی بووە و لەناو بزووتنەوەی چەپ و رزگاریخوازانی کورددا دەستی بە خەبات کردووە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 1977دا، مەهدی زانا وەک کاندیدێکی سەربەخۆ و بە پشتیوانیی بەرفراوانی گەل، بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی دیاربەکر ئامەد، کە ئەمە وەک یەکەمین سەرکەوتنی گەورەی سیاسی و مەدەنیی کورد لە باکووری کوردستان لەو سەردەمەدا دادەنرێت.

دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980 لە تورکیا بە سەرۆکایەتیی کەنعان ئەڤرێن، مەهدی زانا دەستگیرکرا و خرایە زیندانی ژمارە 5ی دیاربەکر کە بە یەکێک لە دڕندەترین زیندانەکانی جیهان بۆ ئەشکەنجەدانی تێکۆشەرانی کورد دەناسرێت. ناوبراو زیاتر لە 14 ساڵ لە زینداندا مایەوە و بە خۆڕاگری و بەرگریکردن لە زمانی کوردی بووە سیمبولی بەرگری.

مەهدی زانا هاوسەری سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری ناوداری کورد لەیلا زانایە. لە دوای ئازادبوونی، بەشێک لە ژیانی لە تاراوگە لە ئەوروپا بەسەربرد و چەندین کتێبی لەسەر یادەوەرییەکانی زیندان و خەباتی گەلی کورد بڵاوکردەوە.