غەریبئابادی: هیچ پەلەیەکمان لە کردنەوەی گەرووی هورمزدا نییە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنی عومان بەندە بە بەڵێنەکانی ئەمریکاوە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران هیچ پەلەیەکی لە کردنەوەی گەرووی هورمزدا نییە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ عومان بە شێوەیەکی خۆکار ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ماوەی 16 مانگی رابردوودا بۆ جاری سێیەم خیانەتی لە رێڕەوی دیپلۆماسی کردووە.

شەممە 29ـی ئابی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لەگەڵ عومان گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن لەسەر رێوشوێنەکانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە بە تەواوی بەندە بەوەی کە ئایا ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات یان نا.

کازم غەریبئابادی گوتیشی: ئێمە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکاندا دەستپێشخەری ناکەین، بەڵکو ئەمە واشنتنە کە لە رێککەوتنەکان کشاوەتەوە و دەبێت بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی؛ ئەگەر ئەوان هەنگاو نەنێن، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ پەلەیەکی لە کردنەوەی گەرووی هورمزدا نییە و بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەیە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا کرد و روونیکردەوە کە وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو سزایانەش ئامادەیە، جەختیشی کردەوە، ئێران یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئابادی پێشێل نەکردووە، بەڵکو ئەمریکا بوو کە بۆ سێیەم جار لە ماوەی 16 مانگی رابردوودا لە مێزی دانوستان پاشەکشەی کرد و خیانەتی لە دیپلۆماسی کرد، هەربۆیە تاران ئامادە نییە باجی ئەو هەڵسوکەوتەی واشنتن بدات.

هەروەها ئەو دەنگۆیانەی بە توندی رەتکردەوە کە باس لە هاتوچۆی ئازادانەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەکەن و جەختی کردەوە، گەرووی هورمز بە تەواوی داخراوە و هیچ کەشتییەک ناتوانێت تێپەڕێت مەگەر بە مۆڵەت و هەماهەنگیی راستەوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت؛ هێزە چەکدارەکانمان کۆنترۆڵی تەواوەتیی سەرجەم جووڵەکانیان لە گەرووەکەدا کردووە و بە باشترین شێوە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.

سەبارەت بە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکە و دیداری بەرپرسانی قەتەر و پاکستان، غەریبئابادی ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو وڵات وەک نێوەندگیر هەوڵی دۆزینەوەی دەرفەتێک دەدەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر بەڵێنەکانی رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد، و تاران بە تەواوی و بە روونی ئەو هەنگاوانەی بۆ شاندەکان خستووەتەڕوو کە پێویستە ئەمریکا پێشوەختە بیگرێتەبەر تا زەمینە بۆ هەنگاوی بەرامبەری ئێران خۆش بێت.